سوودانی و ئەحمەد شەرع: دەبێت هەمووان لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دووربکەونەوە
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "هەردوولا داوایان کرد بژاردەی سەربازی رابگیرێت و پەنا بۆ گفتوگۆ ببرێت."
رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریاوە پێگەیشتووە. لە پەیوەندییەکەدا "بە وردی باس لە بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و لێکەوتەکانی ئاڵۆزییە سەربازییەکان" کرا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی "راگرتنی بەکارهێنانی هێزی سەربازی" کردووەتەوە و داوایان کردووە هەنگاوەکان بەرەو ''گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن'' بن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، ئەوەش لەپێناو "پاراستنی ئاشتیی ناوچەکە و پاراستنی گەلانی."
سوودانی و ئەحمەد شەرع ئاماژەیان بەوە کردووە پێویستە وڵاتە زلهێزەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتیی تەواوی خۆیان هەڵبگرن و دەستوەردان بکەن بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەقامگیریی هەرێمی و جیهانی.