سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا بە تەلەفۆن باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد.
کۆماری سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، "هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە و لێکەوتەکانیان لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی" کرد.
سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەڵێت، ئەحمەد شەرع جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی و هاوکاری کردەوە بەو شێوەیەی کە یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی قەیرانە جیاوازەکانی ناوچەکە لە رێگەی ئامرازە ئاشتییانەکان و دیالۆگەوە.
بارەگای بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکە لە رایگێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان و كاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە و هەروەها هەڕەشەكانی قووڵبوونەوەی گرژییەكان ئاڵوگۆڕ كرا".
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، هەردوولا جەختیان لە چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی ناوچەكە لە رێگەی دیالۆگ و ئامرازی ئاشتییانە كردەوە.