ئەردۆغان و ترەمپ بە تەلەفۆن دۆخی ئێرانیان تاوتوێ کرد


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەیان کرد و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هێرشەکانی سەر ئێرانیان تاوتوێ کرد.
 
بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، لە هەژماری فەرمیی خۆی رایگەیاند، "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بە تەلەفۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردووە."
 
سەبارەت بە نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، دوران گوتی: "لە پەیوەندییەکەدا دوایین دۆخ و پێشهاتەکانی ئێران و وڵاتانی کەنداو تاوتوێ کراون."
 
ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە، ناوچەکە لەناو ئاگرێکی گەورەی جەنگدایە؛ بەیانیی رۆژی سێشەممە، 28ـی شوباتی 2026، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل هێرشەکەی بە "پێشوەختە" ناوبرد، لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنێکی گەورە"یان دژی تاران دەستپێکردووە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشە ئاسمانییەکان 24 پارێزگای ئێرانیان گرتووەتەوە، لەنێویاندا تاران، ئەسفەهان، کەرەج، قوم، تەورێز، بوشەهر و کرماشان. مانگی سووری ئێرانی لە ئامارێکی سەرەتاییدا رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 201 کەس گیانیان لەدەستداوە و 747 کەسی دیکەش برینداربوون.
 
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای ئێران بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و هاوکات بنکەکانی ئەمریکای لە بەحرەین، ئیمارات، کوێت، قەتەر و ئوردن بە مووشەک و درۆن کردە ئامانج.
 
لووتکەی ئاڵۆزییەکان کاتێک بوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، عەلی خامنەئی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە. ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی هەڵگیرسانی شەڕێکی سەرتاسەری و هەرێمی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.