قەتەر: 65 مووشەکی بالیستی و 12 درۆنی ئێرانمان تێکشکاندووە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەسەڵاتدارانی قەتەر ئاماری هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەیان ئاشکرا دەکەن و رایدەگەیێنن، تاران سەروەریی خاکەکەیانی پێشێلکردووە و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکانەوە، هەشت کەس بریندار بوون.
 
شەممە 28-2-2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری و دەرەوەی قەتەردا، دوایین زانیاری لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکە خرایەڕوو. وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە توانیویانە 65 مووشەکی بالیستی و 12 درۆن تێکبشکێنن کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای چڕیی هێرشەکان، سیستەمەکانی بەرگری بە کاراییەکی بەرزەوە زۆربەی هەڕەشەکانیان پووچەڵکردووەتەوە، بەڵام دوو مووشەکی بالیستی لە بنکەی سەربازیی "عودەید"ی ئەمریکی کەوتوونەتە خوارەوە و درۆنێکیش رادارێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی پێکاوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لەنێو سەربازاندا نەبووە.
 
لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئاشکرای کرد، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەک و درۆنە تێکشکێندراوەکان، هەشت کەس بریندار بوون کە یەکێکیان برینەکەی سەختە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە 114 سکاڵایان لەبارەی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکان لە ناوچە جیاوازەکان پێگەیشتووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانی و هەڵکشانێکی مەترسیدار" ناوی برد. لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە: "قەتەر هەمیشە داوای دیالۆگی کردووە، بەڵام کردنەئامانجی خاکەکەمان لەگەڵ بنەماکانی دراوسێیەتیی باش ناگونجێت و هیچ پاساوێک بۆ ئەم هێرشانە قبووڵ ناکرێت."
 
بەرپرسانی قەتەر داوایان لە هاووڵاتییان و بیانییەکانی نیشتەجێی وڵاتەکە کرد ئارام بن و تەنیا پشت بە زانیارییە فەرمییەکان ببەستن.
 
ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداو، وەک وەڵامێک دێت بۆ ئەو هێرشە بەرفراوانەی کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 28ـی شوبات، لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرایە سەر ئێران.