دەنگی تەقینەوەی زیاتر لە دووبەی، دەوحە و مەنامە بیسترا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، دەنگی تەقینەوەی نوێ لە گەورە شارەکانی کەنداو، دووبەی، دەوحە و مەنامە بیسترا.
 
لە دووبەیی ئیمارات، مەنامەی پایتەختی بەحرێن و دەوحەی پایەتەختی قەتەر گرمەی تەقینەوەی بەهێز بیسترا. هەروەها لە قەتەر دووکەڵێکی رەشی چڕ لە ئاسمانی باشووری دەوحە بەرزبووەوە.
 
ئەم تەقینەوە نوێیانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی پێشتر، ئێران هێرشی کوشندەی کردە سەر ئەبوزەبیی پایتەختی ئیمارات، هەروەها بنکە سەربازییەکان و ژێرخانی سڤیلی لە سەرانسەری وڵاتانی کەنداو کردە ئامانج، تەنیا عومان نەبێت کە رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت.
 
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، ترسی دروستبوونی شەڕێکی فراوانتری لێکەوتووەتەوە، ئارامیی ئەو ناوچەیەی تێکداوە کە ماوەیەکی زۆرە وەک پەناگەیەکی ئارام و سەقامگیر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پڕ لە ئاڵۆزیدا سەیر دەکرێت.
 
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، رۆژی شەممە ئێران بە 137 مووشەک و 209 درۆن هێرشی کردووەتە سەر خاکەکەی، بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە و دووکەڵ گەیشتووەتە ناوچە گەشتیارییە ناسراوەکانی وەک دوورگەی دەستکردی دارخورما (دوورگەی نەخلە) و بورجولعەرەب.
 
لە فڕۆکەخانەی ئەبوزەبی، لانیکەم کەسێک کوژراوە و 7 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانەکە رووداوەکەیان تەنیا بە "تێکچوونێکی ئەمنی" ناوبرد. هاوکات فڕۆکەخانەی دوبەی کە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەی جیهانە بۆ گەشتی نێودەوڵەتی، لەگەڵ فڕۆکەخانەی کوێت کرانە ئامانج.
 
لە قەتەر، بەرپرسان رایانگەیاند کە ئێران 65 مووشەک و 12 درۆنی ئاراستەی وڵاتەکەیان کردووە، بەڵام زۆربەیان لە ئاسماندا تێکشکێندراون. سەرەڕای ئەوەش، بەهۆی هێرشەکانەوە هەشت کەس بریندار بوون، کە تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
 
لە یەکەم رۆژی هێرشەکاندا، شایەتحاڵان بینیویانە کە دووکەڵ لە بنکەکانی ئەمریکا لە ئەبووزەبی و مەنامەی پایتەختی بەحرێن بەرزبووەتەوە. مەنامە بنکەی سەرەکیی کەشتیگەلی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکایە. هەروەها بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناو کوێتیش کرانە ئامانج.
 
وڵاتانی کەنداو کە دەوڵەمەندن بە نەوت و غاز و دەکەونە دیوی بەرامبەری ئێران، هاوپەیمانی دێرینی ئەمریکان و میوانداریی چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکا دەکەن.
 
لە مەنامە، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە درۆن و پارچەی مووشەک بەر باڵەخانە نیشتەجێبوونەکان کەوتن. ڤیدیۆی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەریدەخەن کە ئاگر و دووکەڵ لە باڵەخانە بەرزەکانەوە بەرزدەبێتەوە.
 
لە هێرشە بێپێشینەکەی رۆژی شەممەدا، بنکەی ئاسمانیی عودەید لە قەتەر، کە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە ناوچەکە، لەگەڵ ریاز و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سعودیەش کرانە ئامانج.