سوپای پاسداران: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکنی ئەمریکامان پێکا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستی4"، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینکنی سوپای ئەمریکایان بە چوار مووشەکی بالیستی کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە راگەیێندراوی ژمارە 7ی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستی 4"دا بڵاویکردەوە، لە درێژەی هێرشەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی "دووژمنانی ئەمریکی و زایۆنی"، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئابراهام لینکن"ی سەر بە سوپای ئەمریکا بە چوار مووشەکی بالیستی پێکراوە.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران دا هاتووە: "لێدانە بەهێزەکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر جەستەی شەکەتی سەربازیی دووژمن، چووەتە قۆناخێکی نوێوە و، وشکانی و دەریا لە جاران زیاتر دەبنە گۆڕستانی دەستدرێژیکارە تیرۆریستەکان."
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە کاتەکانی داهاتوودا زانیاریی زیاتر و وردەکاریی نوێ لەبارەی ئەم هێرشەوە بڵاودەکەنەوە.
تاوەکو ئێستا ئەمریکا هیچ زانیارییەکی لەبارەی کەشتییەکە زەبەلاحەکەی بڵاونەکردووەتەوە و پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە پێکرابێت.