هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی فڕۆکەوانیی کوێت رایدەگەیێنن، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی وڵاتەکەیان لەلایەن "ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیەوە" کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە کۆگەکانی سووتەمەنی کەوتووەتەوە.

رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، عەبدوڵڵا راجحی، گوتەبێژی فەرمیی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی شارستانی کوێت، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کوێت رووبەڕووی دەستدرێژییەکی ئاشکرا بووەتەوە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێران و ئەو گرووپە چەکدارانەی کە تاران پاڵپشتییان دەکات."
 
سەبارەت بە زیانەکان، گوتەبێژەکەی فڕۆکەوانیی کوێت ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە کۆگاکانی سووتەمەنیی فڕۆکەخانەکەی کردووەتە ئامانج کە سەر بە کۆمپانیای دابینکردنی سووتەمەنیی فڕۆکەن (کافکۆ)، ئەمەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە شوێنی رووداوەکە.
 
راجحی گوتیشی، "تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن."