راپۆرتێک: ئیمارات ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریی سەربازی لە کردنەوەی تەنگەی هورمز نیشان دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێ، ئیمارات خۆی ئامادە دەکات تاوەکو هاوکاری ئەمریکا بکات بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بە هێزی سەربازی، ئەمەش واتای ئەوەیە دەبێتە یەکەم وڵاتی کەنداو کە بە فەرمی بجێتە لایەنێکی شەڕی ئێستا.
 
هەوڵ بۆ بەکارهێنانی هێز
 
بە گوتەی چەند بەرپرسێکی عەرەب، ئیمارات لۆبی دەکات بۆ دەرکردنی بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رێگە بە ئەنجامدانی کردەی سەربازی بدات.
 
دیپلۆماتکارانی ئیماراتی داوایان لە ئەمریکا و هێزە سەربازییەکانی ئەورووپا و ئاسیا کردووە هاوپەیمانییەک بۆ کردنەوەی تەنگەکە بە هێز پێکبهێنن.
 
بە گوتەی بەرپرسێکی ئیماراتی، ئێران بەو جۆرە مامەڵە دەکات کە بۆ مانەوەی خۆی دەجەنگێت و ئامادەیە ئابووریی جیهانیش لەگەڵ خۆیدا لەنێوببات.
 
رۆڵی سەربازی و دوورگەی ئەبوو مووسا
 
ئیمارات چالاکانە خەریکی پێداچوونەوەیە بەو رۆڵە سەربازییەی کە دەتوانێ لە دابینکردنی ئاسایشی تەنگەکەدا بیگێڕێ، لەوانەش پاککردنەوەی رێڕەوەکە لە مینە دەریاییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پشتیوانی.
 
هەروەها بەرپرسانی ئیمارات پێشنیازیان کردووە کە ئەمریکا ئەو دوورگە ستراتیژییانە کۆنترۆڵ بکات کە لە نێو رێڕەوە ئاوییەکەدان، بەتایبەتی دوورگەی "ئەبوو مووسا" کە نیو سەدەیە لەلایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ئیمارات داوای دەکاتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "کۆدەنگییەکی بەرفراوانی جیهانی هەیە لەسەر ئەوەی دەبێت ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا بپارێزرێت."
 
وەرچەرخانی ستراتیژی لە دووبەی و ئەبووزەبی
 
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئیمارات وەک گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دیدگای ستراتیژیی ئەو وڵاتە دەبینرێت.
 
پێشتر، شاری دووبەی کە ناوەندێکی بازرگانییە، بۆ ماوەیەکی درێژ سەرچاوەیەکی دارایی بووە بۆ ئێران و دیپلۆماتکارانی ئیماراتیش پێش جەنگ هەوڵێکی زۆریان بۆ نێوەندگیری لەنێوان واشنتن و تاران دا.
 
ئێستا ئیمارات کەوتووەتە سەر رێڕەوی گوشارەکانی دۆناڵد ترەمپ، کە داوا دەکات هاوپەیمانەکان بارگرانیی جەنگەکە لەئەستۆ بگرن. ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ بە راوێژکارەکانی گوتووە ئامادەیە جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنێت بێ ئەوەی تەنگەکە بکاتەوە و ئەو بابەتە بۆ وڵاتانی دیکە جێبهێڵێت.
 
کاردانەوەی تاران و مەترسییەکان
 
ئێران بە زیادکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئیمارات وەڵامی ئەم جووڵانەی داوەتەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر ئیمارات بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە؛ تەنیا رۆژی سێشەممە نزیکەی 50 مووشەکی بالیستی، کرووز و درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاراستەی ئەو وڵاتە کراون. تاران هۆشداری داوە کە ژێرخانی مەدەنیی هەر وڵاتێکی کەنداو کە هاوکاریی ئەمریکا بکات، وێران دەکات.
 
تاوەکو ئێستا ئێران نزیکەی 2,500 مووشەک و درۆنی گرتووەتە ئیمارات، کە ئەمە زۆرترە لەو ژمارەیەی ئاراستەی ئیسرائیلی کردووە. ئیلیزابێز دێنت، پسپۆڕ لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، دەڵێت ئیمارات لەبەردەم بژاردەیەکی قورسدایە، چونکە رەنگە بچێتە نێو جەنگێکەوە و دواتر ترەمپ جەنگەکە رابگرێ بێ ئەوەی توانای مووشەکیی ئێران لەناو ببات، ئەوەش ئیمارات لەبەردەم ئێرانێکی تووڕەدا تەنیا جێدەهێڵێت.
 
توانای بەرگریی ئیمارات
 
ئیمارات خاوەنی هێزێکی ئاسمانیی بچووک بەڵام کارایە کە فڕۆکەی F-16ی ئەمریکی لەخۆدەگرێ و پێشتریش شانبەشانی ئەمریکا لە عێراق دژی داعش جەنگاوە. هەروەها خاوەنی یەدەگێکی زۆری بۆمب و مووشەکی مەودا کورتە کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی تەقەمەنیی ئەمریکا و ئیسرائیل.
 
گرانت رەمڵی، پسپۆڕی سەربازی، دەڵێت نزیکیی جوگرافیای ئیمارات لە تەنگەکە رێگەی پێ دەدات کە پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا پارێزگاری لە کەشتییەکان بکەن و ئامانجەکانی نێو خاکی ئێران لەوبەری کەنداو بپێکن.