لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل 14 کەس بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

تەندروستیی ئیسرائیل دەڵێ، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی رۆژی چوارشەممەی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی نێوەڕاستی ئیسرائیل و شاری تەلئەڤیڤ، لانیکەم 14 کەس بریندار بوون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تەندروستیی ئیسرائیل، 11 لە بریندارەکان "باری تەندروستییان جێگیرە"، بەڵام کچێکی تەمەن 11 ساڵ برینەکەی سەختە؛ هەروەها ژنێکی تەمەن 36 ساڵ و مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵیش برینەکانیان بە مامناوەند ناوبرا.
 
هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکەکان لە چەند شوێنێکی نێوەڕاستی وڵاتەکە کەوتوونەتە خوارەوە و دەستبەجێ تیمەکانی فریاگوزاری بۆ ئەو شوێنانە رەوانە کراون.
 
لە دەستپێکی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر ئێران و لە ئەنجامی هێرشەکانی تاران و حیزبوڵڵای لوبنان، 20 کەس کوژراون و 6100 کەسی دیکە بریندار بوون.