نەتەنیاهوو ژمارەیەک فەڵەستینی بە کردنەوەی ئاگری دارستانەکان تۆمەتبار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

دارستانەکانی دەوروبەری کۆمەڵگەی ئێشتاوۆل لەگەڵ نزیکەی 10 شوێنی دیکە دەسووتێن، ئێشتاوۆل تەنیا 40 کیلۆمەتر لە قودس-ئۆرشەلیمەوە دوورە. سەرەڕای هەوڵەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەڵام ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.
 
عتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل رایگەیاند، "هیوادارین ژمارەی تیمەکان بگەیەنینە 150. بڕیارمان داوە ئەندامانی 20 گرووپی تایبەت بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بچووک بهێنین بۆ ئەوەی بتوانین بگەنە ئەو ناوچانەی سەخت و دژوارن. قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری کردووە بۆ ئەوەی فڕۆکەی سوپەر هێرکۆلێسمان بۆ بنێرن". 
 
ئاگرەکە رۆژی چوارشەممە لە نزیک رێگەی قودس/ئۆرشەلیم و تەلئەڤیڤ کەوتەوە و هێشتا کۆنترۆڵنەکراوە. 
 
بە گوێرەی تیمەکانی فریاگوزاری، 23 کەس بریندار بوون و 17 ئاگرکوژێنەوەش بەهۆی هەناسە تەنگییەوە گوێزرانەوە نەخۆشخانە. 
 
تاوەکو بەرەبەیانی پێنجشەممە زیاتر لە 14 کیلۆمەتر چوارگۆشە دارستان سووتابوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش فەڵەستینیەکان بە کردنەوەی ئاگرەکە تۆمەتبار دەکات. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئەوەی من بیستوومە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەوەیە کە ژمارەیەک کەس، بەدیاریکراوی ژمارەیەک فەڵەستینی تێوەگلاون. پێویستە بە خێرایی ئەمە چارەسەربکەین و دەزگای ئاسایشیش کاری خۆی بکات". 
 
کەشوهەوای وشک و گەرم و بای بەهێز بە هۆکاری خێرا تەشەنەکردنی ئاگرەکە دادەندرێن.
 
بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیارە هەریەک لە کرواتیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، رۆمانیا و ئیسپانیا تیمی فریاگوزاری بۆ ئیسرائیل بنێرن.