ڤیدیۆی هێرشی جوویەکی تووندڕۆ بۆ سەر رەبەنێکی کریستیان لە نزیک شاری کۆنی قودس/ئۆرشەلیم بڵاودەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، پیاوێکی تەمەن 36 ساڵی دەستگیرکردووە کە لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێ هێرش دەکاتە سەر رەبەنێک. ئەمەش نوێترین رووداوی بەئامانجگرتنی کریستیانەکانە لە نزیک شاری کۆنی قودس/ئۆرشەلیم لە لایەن جووە توندڕۆکانەوە.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پیاوە دوای هێرشەکەی رۆژی چوارشەممەی نزیک گۆڕی داود دەستگیرکراوە، کە ناوچەیەکی پیرۆزە و دەکەوێتە دەرەوەی دەروازەی زایۆن لە دیوی باشووری شاری قودس/ئۆرشەلیمی کۆن. پۆلیس دەڵێت پیاوەکە "بە گومانی ئەنجامدانی هێرشێک بە پاڵنەری نەژادپەرستانە" دەستگیرکراوە و هێشتا لە دەستبەسەریدایە.
لە ڤیدیۆکەی پۆلیسدا دەردەکەوێ کە رەبەنەکە بریندار بووە و هێرشکارەکەش جلێکی تایبەتیی ئایینیی جووەکانی پۆشیوە.
ئۆلیڤیێر پۆکیۆن، بەڕێوەبەری قوتابخانەی فەرەنسی بۆ توێژینەوەی کتێبی پیرۆز و شوێنەوار رایگەیاند، رەبەنەکە توێژەر بووە لە قوتابخانەکەیان.
شاری کۆن لە رۆژهەڵاتی قودس/ئۆرشەلیم، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بە خاکەکەیەوە لکێنراوە، ناوچەیەکی دیوارکراوی سەدان ساڵەیە و لەسەر مێژوویەکی هەزاران ساڵە بونیادنراوە. ئەم ناوچەیە چەندین شوێنی پیرۆزی ئایینی موسڵمان، کریستیان و جووی تێدایە. بەهۆی ئەوەی مافی چوونەژوورەوە و خاوەندارێتیی ئەو شوێنانە بە تووندی گرێدراوی ئەو بانگەشە مێژوویی و سیاسییانەن کە چەقی ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین پێکدەهێنن، ناوچەکە بووەتە خاڵێکی سەرەکیی دروستبوونی گرژییەکان.
گرووپە ئایینییەکان دەڵێن، جووە تووندڕۆکان هێرشەکانیان بۆ سەر سەردانیکارە کریستیان و موسڵمانەکان زیاد کردووە. زۆرجاریش ئەم کارانە لەلایەن جووە ئۆرسۆدۆکسە تووندڕۆکانەوە دەکرێن.
وەدیع ئەبونەسار، رێکخەری مەکۆی کریستیانەکانی خاکی پیرۆز دەڵێ، هێرشکردنە سەر کریستیانەکان بووەتە دیاردەیەکی روو لە زیادبوون. بەرپرسە کریستیانەکە باس لەوە دەکات، هۆکاری ئەوەی کە پۆلیسی ئیسرائیل زوو لێکۆڵینەوەی لە رووداوی هێرشکردنە سەر رەبەنەکە کردووە، ئەوەیە کە رووداوەکە بە ڤیدیۆ تۆمارکراوە.
ئەبونەسار گوتی: "هەست بە تووڕەییەکی گەورە بەرامبەر بە سیستمەکە و خەمێکی قووڵ دەکەم، چونکە هەست دەکەم ئەمە بەم زووانە کۆتایی نایەت؛" هەروەها باسی لەوە کرد کە یەکێک لە کێشەکان نەبوونی رێکاری پێویستە بۆ رێگریکردن و سزادانی ئەم جۆرە تووندوتیژییانە کە جووەکان دەیانکەن.
ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە، چۆنیەتیی مامەڵەکردنی ئیسرائیل لەگەڵ پێکهاتە ئایینییەکان کەوتووەتە ژێر چاودێری و رەخنەی تووندەوە، ئەمەش چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە پۆلیس رێکارەکانی چوونەژوورەوەی بۆ موسڵمانان و کریستیانەکان لە رۆژانی جەژندا سنووردار کرد، تەنانەت ئەو سنووردارکردنە کاردیناڵ پیێرباتیستا پیزابالا، پاتریارکی لاتینیشی گرتەوە.
هەروەها ئیسرائیل رووبەڕووی رەخنەی نێودەوڵەتی بووەوە، دوای ئەوەی سەربازێکی ئەو وڵاتە لە باشووری لوبنان وێنەی خۆی بڵاوکردەوە کە بە تەورێک لە پەیکەرێکی کەوتووی عیسای مەسیح دەدات. دواتر سەرکردەکانی ئیسرائیل ئەستۆپاکیی خۆیان لەو رووداوە راگەیاند و گوتیان، سەربازەکە سزا دەدرێ.