وەزیری دەرەوەی عومان: هەر کاتێک دۆخەکە گونجاو بێ، دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێران دەست پێدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عومان دەڵێ، کێشەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران تەنیا بە دیپلۆماسی چارەسەر دەکرێ و جەنگ سوودی نییە.
رۆژی سێشەممە، 1ی تەمموزی 2025، بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند: "هەر کاتێک دۆخەکە گونجاو بێ، دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی ئێران دەست پێدەکەنەوە؛ هێشتا دەرگای دیپلۆماسی کراوەیە."
بەدر بوسەعیدی گوتی، چارەسەری ئەو بابەتە لە رێگەی جەنگەوە بەدەست نایەت، بەڵکو "چارەسەر تەنیا بە دیپلۆماسی دەبێ."
عومان نێوەندگیری دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکایە کە پێنج گەڕیان بەڕێوەچوون و بڕیار بوو رۆژی 15ی مانگی رابردووش گەڕی شەشەم بەڕێوەبچێ، بەڵام جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران ئەو گەڕەی هەڵوەشاندەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند: "تاران هیچ کات دەرگا بە رووی دیپلۆماسیدا داناخات، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین بڕیار لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانوستاندن بدەین، دەبێ سەرەتا لەوە دڵنیا بین کە ئەمریکا لە کاتی دانوستاندندا ناگەڕێتەوە سەر بژاردەی کردنە ئامانجمان."
لە 13ی حوزەیران، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکەوە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 25ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند.