سوپاسالاری ئیسرائیل: لە هەموو پێکهاتەکانی بەرەی ئێران دەدەین

رووداو دیجیتاڵ

سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی ئەو ناوچانەی باشووری سووریای کرد کە سوپای وڵاتەکەی دەستیبەسەردا گرتوون و هۆشدارییەکی نوێی بۆ ئێران و گرووپەکانی نزیکی لە ناوچەکەدا نارد و رایگەیاند، سەرجەم لایەنەکانی لەو بەرەیەدان دەکەنە ئامانج. 
 
رۆژی سێشەممە، 01ی تەممووزی 2025، ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، چووە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای وڵاتەکەی لە باشووری سووریا و رایگەیاند، هێرش دەکەنەسەر هەر شوێنێک کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. 
 
سوپاسالاری ئیسرائیل گوتی: "ماوەیەکی زۆرە لە هەڵمەتێکی فرە بەرەییداین و هەفتەی رابردووش گەیشتینە لووتکەیەکی دیکە لەم هەڵمەتە. بە تووندی لە هەموو پێکهاتەکانی ئەو بەرەیە دەدەین کە ئێران دژی ئێمە دروستی کردووە." 
 
سوپاسالاری ئیسرائیل گوتی: "دەبێت ئامادەباشییەکی باشمان هەبێت و هەموو کاتێک چاومان کراوە بێت. بەرگریی ئێمە لە بەرزاییەکانی گۆلان لە ناوچەی بەرگریی پێشەوەدایە و چالاکیی پێشوەختە جێبەجێ دەکەین بۆ رێگریکردن لە هەڕەشەکان."
 
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کۆتایی پاردا، سوپای ئیسرائیل دەستی گرتووە بەسەر چەندین ناوچەدا لە باشووری سووریا و تاوەکو ئێستا 25 کیلۆمەتری لەو وڵاتە کۆنترۆڵ کردووە.
 
سوپاسالاری ئیسرائیل گوتی: "هێرش دەکەینە سەر هەر شوێنێک پێویست بکات و رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەکی راستەقینە دەبینەوە. سووریا هەڵوەشاوەتەوە و ئێستا لە قۆناخی گۆڕانکاریدایە. ئێمە خاڵە سەرەکییەکانمان بەدەستەوەیە و بەردەوام دەبین لە کارکردن لەودیو سنوور بە ئامانجی بەرگریکردن لە خۆمان بە باشترین شێوە."