سووریا و لوبنان لیژنە بۆ پرسی سنوور و زیندانییان پێکدەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی "کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ" لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، رۆژی دووشەممە شاندێکی باڵای سووریا، سەردانی بەیرووتی پایتەختی لوبنانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لوبنان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، دوو لیژنە پێکبهێنرێت بۆ تاوتوێکردنی پرسی 2000 زیندانیکراوی سووری لە لوبنان، هەروەها دۆزینەوەی ئەو هاووڵاتییە لوبنانییانەی کە ساڵانێکە لە سووریا بێسەروشوێنن و یەکلاییکردنەوەی پرسی سنووری نێوانیان.
شاندی سووریا پێکهاتبوون لە دوو وەزیری پێشووی سووریا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی نیشتمانیی سووریا بۆ کەسە بێسەروشوێنەکان.
ئیدارەی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، دەیەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لوبنان ئاسایی بکاتەوە و رێگە خۆش بکات بۆ سەردانی وەزیرانی دەرەوە و دادی سووریا بۆ بەیرووت، هەرچەندە تاوەکو ئێستا کاتی سەردانەکە دیارینەکراوە.
سەرکردایەتیی ئێستای سووریا ناڕازییە لە بەشداریکردنی حیزبوڵڵای لوبنانی لە شەڕی ناوخۆی سووریا و هاوپەیمانیی لەگەڵ هێزەکانی ئەسەد، لە کاتێکدا زۆر لە لوبنانییەکان هێشتا ناڕازین لەو باڵادەستییەی سووریا کە بۆ ماوەی 29 ساڵ بەسەر دراوسێ بچووکەکەیدا هەبوو و تاوەکو ساڵی 2005 هێزی سەربازیی لەوێ جێگیر کردبوو.
لە کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممەدا، لەگەڵ تارق میتری، جێگری سەرۆکوەزیرانی لوبنان، باسی پرسی زیندانییانی سووریایی لە زیندانەکانی لوبنان کرا، کە نزیکەی 800 کەسیان بەهۆکاری ئەمنی، وەک هێرش و تەقەکردن، دەستبەسەرکراون. هەندێکیان تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراون.
هەروەها باس لە هاووڵاتییە لوبنانییە بێسەروشوێنەکان لە سووریا و پرسی سنووری هاوبەشی نێوانیان کرا، کە بازرگانیکردنی نایاسایی تێیدا باوە.
ژمارەی ئاوارە سوورییەکان لە لوبنان بە نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس دەخەمڵێنرێت، کە 14 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی شەڕی وڵاتەکەیانەوە هەڵاتوون.
لایەنی سووریایی داوای پێداچوونەوەی رێککەوتننامە دوولایەنەکانی سەردەمی بنەماڵەی ئەسەدی کرد، بەڵام لوبنان پێشنیازی رێککەوتننامەی نوێی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد.
لەدوای رووخانی ئەسەدەوە، دوو سەرۆکوەزیرانی لوبنان سەردانی سووریایان کردووە. لە مانگی ئاداردا، جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، لە لووتکەی عەرەبیدا لە میسر کۆبوونەوە.
هەردوو دراوسێ لە ساڵی 2008 رێککەوتن لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانە، کە یەکەم دانپێدانانی فەرمی سووریا بوو بە لوبنان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ لەدوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە فەرەنسا لە ساڵی 1943.