ئیسرائیل گەمارۆی ژمارەیەک بەلەمی کەشتیگەلی خۆڕاگری داوە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک چالاکڤانی سەر کەشتیگەلی خۆڕاگری رایانگەیاند، هێزی دەریایی ئیسرائیل بە کەشتیی جەنگی دەوری ژمارەیەک بەلەمی ئەوانی داوە و رێگری لە رۆیشتنیان بەرەو غەززە دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، چالاکڤانانی بەلەمی مەغریب کە بەشێکە لە کەشتیگەلی خۆڕاگری لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کەشتییە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ رێگری لە جووڵەیان، بەرە بەرە لە بەلەمەکانمان نزیک دەبنەوە کە ئێستا تەنیا 81 میل لە کەناراوەکانی غەززەوە دوورین".
هەروەها هەریەک لە ماری میسنەر، سیاسەتڤانی فەرەنسی و ریما حەسەن، پەرلەمانتاری یەکێتیی ئەورووپا کە لەسەر یەک بەلەمن رایانگەیاندووە، رووبەڕووی هەمان رێگری بوونەتەوە.
کەشتیگەلی خۆڕاگری لە 45 بەلەم پێکدێت کە ژمارەیەک چالاکڤان و سیاسەتڤانی ژمارەیەک وڵاتی جیهانی تێدایە. مانگی رابردوو، ئەوان بە ئامانجی گەیشتنیان بە غەززە کەناراوەکانی ئیسپانیایان جێهێشت و نزیکبوونەتەوە لە گەیشتن بە کەرتەکە. بە گوتەی خۆیان، ئەم هەوڵەیان بۆ شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیلە لەسەر غەززە.
ژان نۆیل برۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئێستا سەربازانی دەریاوانی ئیسرائیل دەستیان بە "چوونە نێو بەلەمەکان" کردووە.
پێشتر، بەرپرسانی ئیسرائیل هەڕەشەی رێگریان لەو کەشتیگەلە کردبوو لەوەی بتوانێت بگاتە کەناراوەکانی غەززە. لەو بارەیەوە ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "هێزی دەریایی ئیسرائیل گەیشتوونەتە نزیک کەشتیگەلەکە و داوای گۆڕینی ئاڕاستەیان لێکردوون". ئاماژەی بەوەش کرد، "ئیسرائیل بە بەرپرسانی کەشتیگەلەکەی راگەیاندووە، نزیکبوونەوە لە ناوچەکانی جەنگ پێشێلکردنی گەمارۆی دەریاییە".
پێشتر بەرپرسانی ئیسپانیا و ئیتاڵیا رایانگەیاندبوو، کەشتی جەنگی بۆ پاسەوانیەتی کەشتیگەلەکە دەنێرنە ئاوەکانی دەریای نێوەڕاست.
رۆژی 25ـی ئەیلوول، کەشتیگەلەکە دەستی بە جووڵە کردەوە دوای ئەوەی 10 رۆژ پێستر بە دوو درۆن هێرشکرایە سەریان. بەرپرسانی کەشتیگەلەکە ئیسرائیلیان بە هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە. بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگەکە بووەتە هۆی برسیکردنی لە رادەبەدەری دانیشتووانی کەرتەکە.