سوپای ئیسرائیل: 11 هەزار پێگە و بارەگای چەکدارییمان کردووەتە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 11 هەزار پێگە، بارەگای چەکداری و چەکداریان لەنێو کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج. لە بەرامبەردا بزووتنەوەی حەماسیش دەڵێت، چەندین تانکی سوپای ئیسرائیلیان تێکشکاندوون. 
 
رۆژی چوارشەممە، 1-11-2023، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە هێزەکانیان 11 هەزار پێگە و چەکداریان لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج؛ بەشێک لەوان لە ناوەندەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس بوون و بەشێکیش لە تونێلەکان بۆردوومان کراون و وێرانکراون.
 
سوپای ئیسرائیل باس لە چالاکییەکی رۆژی سێشەممە، 31-10-2023ـی سەربازەکانی دەکات و دەڵێت، "سوپا ئۆتۆمبێلێکیان دەستنیشان کرد کە مووشەکی دژە تانکی هەڵگرتبوو و بەرەو ئەو هێزانە دەڕۆیشت کە لە نێو کەرتی غەززەدان. فڕۆکەیەک راسپێردرا بۆ ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکە بدات؛ هەروەها هێزەکانمان چەندین شوێنیان دەستنیشانکرد کە لە نزیک چەند قوتابخانە و نەخۆشخانەیەک بوون و لەو شوێنانەدا تیرۆریستان خۆیان حەشار دابوو و ئێمەش کردماننە ئامانج." 
 
هاوکات رۆژی سێشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پابەندبوونی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ لەنێوبردنی گرووپە چەکدارەکانی نێو کەرتی غەززە دووپاتکردەوە و گوتی، "ئەو دڕندەییەی کە حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەردا ئەنجامیدا، ئەوەمان بیردەخاتەوە کە بەڵێنی داهاتوویەکی باشتر بەدی نایەت، ئەگەر ئێمەی جیهانیی شارستانی، ئامادە نەبین شەڕی دڕندەیی بکەین."
 
شەڕەکە چەند رۆژێکە چووەتە قۆناخێکی نوێوە. دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل، رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، "چوونەناوەوەی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیلمان بە شەوان بۆ نێو کەرتی غەززە زیادکردووە و ئەوانیش دەچنە پاڵ ئەو هێزانەی کە لەوێ شەڕ دەکەن"؛ هەروەها گوتی، "هەنگاو بە هەنگاو چالاکییە زەوینییەکانمان و ژمارەی هێزەکانمان لە کەرتی غەززە زیاد دەکەین."
 
هاوکات کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی حەماسیش رۆژی سێشەممە، 31-10-2023، بڵاویکردەوە، چەکدارەکانیان لە باکووری رۆژئاوای غەززە بە دژە تانک رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە. 
 
بەگوتەی حەماس، چەکدارەکانی بە مووشەکی "یاسین 105" کە لە غەززە دروستکراون، چوار تانکی ئیسرائیلییان تێکشکاندوون، دوای ئەوەی بەرەبەیانی سێشەممە، لە رۆژئاوای غەززەوە هەوڵی پێشڕەوییان داوە. 
 
قەسام هەروەها باس لەوە دەکات، بە دوو دژە تانک،  تانکێک و بلدۆزەرێکی ئیسرائیلیان لە باکووری رۆژئاوای غەززە کردووەتە ئامانج.