سوپای ئیسرائیل کوژرانی 5 بارمتەی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل کوژرانی 5 بارمتەی "ژێر دەستی حەماس"ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "خێزانی بارمتەکانمان ئاگادارکردووەتەوە و تەرمی یەکێک لە بارمتەکانیشمان وەرگرتووەتەوە". بزووتنەوەی حەماسیش دەڵێت، ویستوویانە تەرمی سێ بارمتە رادەستی ئیسرائیل بکەنەوە و سێ بارمتەی دیکەش ئازاد بکەن، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.
رۆژی هەینی، 1-12-2023، سوپای ئیسرائیل کوژرانی 5 بارمتەی راگەیاند و گوتیشی، "خێزانی هەر 5 بارمتەکانمان ئاگادارکردووەتەوە و تەرمی یەکێکیانمان وەرگرتووەتەوە."
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لەو بارەوە گوتی، "لەم چەند رۆژەدا هێزەکانی بەرگری و پۆلیسی ئیسرائیل خێزانی هەریەک لە ئێلیاهوو مارگاریت، مایا گۆرن، رۆنن ئەنگێل، ئاریێ زەلمانۆڤیتس و عۆفر سەرفاتیمان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو کەسانە کوژراون.
سوپای ئیسرائیل تەرمی عۆفر سەرفاتی هێناوەتەوە ئیسرائیل بە مەبەستی بەخاکسپاردنی."
هاوکات بزووتنەوەی حەماس بڵاویکردەوە، ئەوان ویستوویانە تەرمی سێ بارمتە کە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژرابوون، رادەستی ئیسرائیل بکەنەوە، بەڵام تەلئەڤیڤ رەتیکردووەتەوە.
بەگوێرەی حەماس، "شیری بیباس، کفیر بیباسی تەمەن 10 مانگ (کوڕی شیری) و ئاریێل بیباسی تەمەن 4 ساڵ (برای کفیر) چەند رۆژێک بەر لە ئاگربەستە کاتییەکە کوژران. یاردین بیباسی هاوژینی شیری هێشتا لەژیان ماوە."
هەر بەپێی حەماس، پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە کردووە بۆ ئەوەی ئەو سێ تەرمەیان رادەستبکەنەوە و سێ کەسی دیکەش ئازاد بکەن، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ 4 رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.