سەربەخۆخوازەکانی یەمەن قۆناخێکی راگوزەری دوو ساڵە بەرەو سەربەخۆیی رادەگەیێنن

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور (STC) لە یەمەن کە لەلایەن ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرێ، رۆژی هەینی قۆناخێکی راگوزەری دوو ساڵەی راگەیاند بە ئامانجی گەڕاندنەوەی "دەوڵەتی سەربەخۆی باشوور". ئەنجوومەنەکە داوای دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی باکوور دەکات و هۆشداریش دەدات، ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر، دەستبەجێ جیابوونەوە رادەگەیێنن. 

یەمەنی باشوور لە ساڵانی 1967 بۆ 1990 دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو و پایتەختەکەی شاری عەدەن بوو. 

ئەم هەنگاوەی ئێستا هاوکاتە لەگەڵ تووندبوونی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی باشوور و هێزەکانی دیکە کە سعودیە پشتیوانییان دەکات. 

عەیدەروس زوبەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی راگوزەر لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا ستایشی "دەستکەوتەکانی" ئەم دواییەی باشووری یەمەنی کرد کە بە گوتەی خۆی، ناوچەکانی پاراستووە و رووبەڕووبووی "تیرۆر و قاچاخێتی" بووەتەوە، هەروەها کۆتایی بە بەهەدەردانی سامان هێناوە، ئەمانەشی وەک هەنگاوێک بەرەو بەدیهێنانی "خەون"ی خەڵکی باشووری وڵاتەکە بۆ بوونە دەوڵەت پێناسە کرد.

زوبەیدی رایگەیاند، قۆناخە راگوزەرەکە بە ئەنجامدانی گشتپرسییەک بۆ دیاریکردنی چارەنووس لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت.

 زوبەیدی گوتی: "ئەنجوومەنی راگوزەر دەستی هاوکاری درێژ دەکات بۆ دیاریکردنی هەنگاو و میکانیزمی گونجاو لەسەر بنەمای خاڵی هاوبەش لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکانی باکوور"، جەختیشی لەسەر رێگەیەکی "پارێزراو و بەرپرسانە" کردەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی نوێ.

راگەیاندنەکە بریتییە لە راگەیاندنێکی دەستووری بۆ گەڕاندنەوەی "دەوڵەتی عەرەبی باشوور" کە بڕیارە لە 2ی کانوونی دووەمی 2028ـەوە جێبەجێ بکرێ، ئەگەر گشتپرسی پاڵپشتی ئەو سەربەخۆییەی کرد، بەڵام "ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن یان هێزەکانی باشوور رووبەڕووی هێرشی سەربازی ببنەوە، ئەوا دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێ".

ئەم راگەیاندنە، لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور و حکومەتی یەمەن کە سعودیە پاڵپشتی دەکات، گەیشتووەتە ئاستی شەڕی راستەوخۆ. رۆژی هەینی، حکومەت ئۆپەراسیۆنێکی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی پێگە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی یەمەن دژی هێزەکانی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور دەستپێکرد. سعودیە هێرشی ئاسمانیی کردە سەر پێگەی هێزەکانی باشوور و لانیکەم 7 کەس کوژران. 

باڵیۆزی سعودیە لە یەمەن، زوبەیدیی تۆمەتبار کرد بەوەی نەیهێشتووە شاندێکی سعودی بچێتە عەدەن، ئەمەش ناکۆکییەکانی نێوان ریاز و ئەبوزەبیی قووڵتر کردەوە، کە دوو هاوپەیمانی سەرەکین لە شەڕی دژی حووسییەکان بەڵام لەسەر داهاتووی یەمەن ناکۆکن.

میدیای نزیک لە ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور دیمەنی خۆپێشاندانی جەماوەری لە پارێزگاکانی ئەبیەن و شەبوە بڵاوکردەوە کە داوای سەربەخۆیی باشوور دەکەن. نووسینگەی جێگری سەرۆکی گرووپەکە رایگەیاند، راگەیاندنی سەربەخۆیی "لە هەموو کات نزیکترە" و رەتیکردەوە لە حەزرەمەوت و مەهرە بکشێنەوە.

رۆژی هەینی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە بۆ دەرکردنی هێزەکانی باشووری یەمەن کە لەلایەن ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرێن، فڕۆکە جەنگییەکان فڕۆکەخانەیەک و بنکەیەکی سەربازییان لە شاری سەیوونی یەمەن کردە ئامانج.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور و شایەتحاڵەکان، فڕۆکەخانەی سەیوون و بنکە سەربازییەکەی ئەو شارە رووبەڕووی چەندین هێرشی ئاسمانی بوونەتەوە.

ئەمە یەکەم جار بوو سەربازانی لایەنگری ئیمارات بە هێرشی هاوپەیمانییەکەی سعودیە بکوژرێن، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو ئەنجوومەنی راگوزەر دەستی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی پارێزگاکانی حەزرەمەوت و مەهرەدا گرت.

دوای هێرشەکان، گوتەبێژێکی سەربازیی ئەنجوومەنی راگوزەر رایگەیاند، ئەوان لە جەنگێکی "یەکلاییکەرەوە و مان و نەماندان" دژی هێزە یەمەنییەکانی نزیک لە سعودیە و شەڕەکەشی وەکو شەڕی دژی ئیسلامی تووندڕۆ پێناسە کرد، کە ئەمە نیگەرانییەکی لەمێژینەی ئیماراتە.

ماوەی چەندین ساڵە سعودیە و ئیمارات پاڵپشتی لە لایەنە رکابەرەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن دەکەن، بەڵام هێرش و پێشڕەوییەکانی ئەنجوومەنی راگوزەر ریازی تووڕە کردووە و بووەتەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دەوڵەمەندەی کەنداو کە پێشتر پێکەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی عەرەبی دژی حووسییەکان شەڕیان دەکرد.

محەممەد عەبدولمەلیک، بەرپرسی ئەنجوومەنی راگوزەر لە حەزرەمەوت رایگەیاند، حەوت هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر سەربازگەی خاسە، حەوت کوژراو و زیاتر لە 20 برینداری لێکەوتووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشی دیکە کراوەتە سەر پێگەکانی دیکەی هەمان ناوچە.

هێرشە ئاسمانییەکان دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی هێزەکانی نزیک لە سعودیە هات بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی "ئاشتییانە"ی پێگە سەربازییەکان لە حەزرەمەوت.

سالم خەنبەشی، پارێزگاری حەزرەمەوت کە هاوکات سەرکردەی هێزە خۆجێییەکانی نزیک کە سعودیەیە، بە ئاژانسی هەواڵی سەبەئـ نێتی یەمەنی راگەیاندووە، "ئەم ئۆپەراسیۆنە راگەیاندنی جەنگ نییە و هەوڵێکیش نییە بۆ زیادکردنی گرژییەکان."

دەشڵێت، "ئۆپەراسیۆنەکە هیچ گرووپێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناکاتە ئامانج"، بەڵکو ئامانجی "رادەستکردنی سیستماتیک و ئاشتییانەی پێگە سەربازییەکانە."

سەرچاوە سعودییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشەکان لەلایەن هاوپەیمانیی عەرەبییەوە کراون کە لە ساڵی 2015 بۆ شەڕی دژی حووسییەکان پێکهێندرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سوپای سعودیە هۆشداریدا و گوتی، "هێرشەکان ناوەستن تاوەکو ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور لەو دوو پارێزگایە دەکشێتەوە."

رکابەرەکان

عەمر بیز، نوێنەری کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی راگوزەر تۆمەتی ئەوەی خستە پاڵ ریاز کە "بە مەبەست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەواشە کردووە بە راگەیاندنی 'ئۆپەراسیۆنی ئاشتییانە'، لەکاتێکدا هەرگیز نیازیان ئاشتی نەبووە."

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە چەند خولەکێک دواتر حەوت هێرشی ئاسمانییان ئەنجامدا."

سعودیە چەندینجار داوای لە ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور کردووە لەو ناوچانە بکشێتەوە کە بەم دواییە کۆنترۆڵی کردوون.

رۆژی سێشەممە، دوای ئەوەی هاوپەیمانییەکە کاروانێکی چەکی بۆردوومان کرد کە لە ئیماراتەوە رۆیشتبوو، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند کە هێزەکانی لە یەمەن دەکشێنێتەوە.

راگرتنی گەشتەکان

ئەگەری راگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن باشوورەوە، گورزێکی گەورە لە دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ حووسییەکان دەدات.

هەر رۆژی هەینی، محەممەد ئال جابر، باڵیۆزی سعودیە لە یەمەن رایگەیاند، ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور رێگری کردووە لەوەی شاندێکی سعودیە لە فڕۆکەخانەی عەدەن بنیشێتەوە.

رۆژی پێنجشەممە، وەزارەتی گواستنەوەی یەمەن کە لەلایەن ئەنجوومەنی راگوزەرەوە کۆنترۆڵکراوە، داواکارییەکی سعودیەی رەتکردەوە کە داوای کردبوو هەموو ئەو فڕۆکانەی بەرەو ئیمارات دەچن یان دەگەڕێنەوە، دەبێت بۆ پشکنینی ئەمنی لە سعودیە بوەستن.

بەگوێرەی ماڵپەڕی Flightradar24، ماوەی زیاتر لە 24 کاژێرە هیچ فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی عەدەن نەنیشتووەتەوە و هەڵنەستاوە، هەرچەندە وەزارەتەکە بە فەرمی داخستنی فڕۆکەخانەکەی رانەگەیاندووە.