حەماس داوای قۆناخی دووەمی ئاگربەست دەکات
رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی حەماس و ئیسرائیل رۆژی شەممە کۆتاییهات و تاوەکو ئێستا هەردوولا بە هەوڵی نێوەندگیرەکانیشیانەوە نەیانتوانیوە لەبارەی قۆناخی دووەمەوە رێکبکەون. نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ دەدات.
رۆژی یەکشەممە، دوی ئاداری 2025، مەحموود مەرداوی، سەرکردەی حەماس رایگەیاند، "تەنیا رێگە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و گەڕاندنەوەی زیندانییەکان، تەواوکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستە، کە بە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەست دەستپێدەکات."
دوێنێ، قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی جەنگی غەززە کۆتاییهات و تاوەکو ئێستا گرووپە فەلەستینیەکە، ئیسرائیل و وڵاتانی نێوەندگیر سەرکەوتوو نەبوون لە رێککەوتن لەبارەی قۆناخەکانی دیکەی ئاگربەست. رۆژی 19ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە دوای ئەوەی 15 مانگ بوو ئیسرائیل و حەماس لە جەنگ دابوون.
ئیسرائیل شاندێکی بۆ گفتوگۆ ناردووەتە قاهیرە، بەرپرسانی میسریش، وەکو وڵاتێکی نێوەندگیر دەڵێن، بە هاوبەشی لەگەڵ قەتەر و ئەمریکا لە گفتوگۆی چڕدان لەگەڵ هەردوولا بۆ ئەوەی رێککەون لەسەر قۆناخی دووەم.
تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەکی رێککەوتن نییە. دوێنێ، حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس رایگەیاند، داوایەکی "داگیرکەریان [ئیسرائیل]" بۆ درێژکردنەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست رەتکردووەتەوە و داوای رێککەوتنی کۆتایی و جێبەجێکردنی قۆناخی دووەم دەکەن. بۆ ئەو قۆناخە بڕیارە رێککەوتن لەبارەی ئازادکردنی تەواوی بارمتە ئیسرائیلیەکان، کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە غەززە و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی فەلەستینی بکرێت.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە رێکنەکەوتنی حەماس و ئیسرائیل داوە و رایگەیاند، سەرهەڵدانەوەی جەنگ بۆ غەززە "وێرانکەر" دەبێت. دەشڵێت، "ئاگربەستی بەردەوام و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان گرنگە بۆ رێگریی لە زیادبوونی گرژییەکان".
رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی حەماس و ئیسرائیل بە هێرشی گرووپە فەلەستینییەکە بۆ سەر ئەو وڵاتە دەستیپێکرد. دواتر ئیسرائیل دەستی بە هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە کرد.