ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەستی بە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە کردەوە و لە یەکەم بۆردووماندا "چوار کەسی کوشت".
رۆژی یەکشەممە، 2ی ئاداری 2025، تەندروستیی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززەی کرد و بەهۆی بۆردوومانەکانیشەوە چوار کەس کوژران.
تەندروستی کەرتی غەززە ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بۆردوومانانەدا شەش کەسی دیکەش بریندار بوون و سەرقاڵی چارەسەرکردنیانن.
ئەو بۆردوومانە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ مەحموود مەرداوی، سەرکردەی حەماس رایگەیاند: "تەنیا رێگە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و گەڕاندنەوەی زیندانییەکان، تەواوکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستە کە بە جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەست دەستپێدەکات."
تائێستا هیچ ئاماژەیەکی رێککەوتن نییە. دوێنێ، حازم قاسم، گوتەبێژی حەماس رایگەیاند، داوایەکی "داگیرکەرمان (ئیسرائیل)" بۆ درێژکردنەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست رەتکردووەتەوە و داوای رێککەوتنی کۆتایی و جێبەجێکردنی قۆناخی دووەم دەکەن. بۆ ئەو قۆناخە بڕیارە رێککەوتن لەبارەی ئازادکردنی تەواوی بارمتە ئیسرائیلیەکان، کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە غەززە و ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی بکرێت.
دوێنێ، قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی جەنگی غەززە کۆتاییهات و تاوەکو ئێستا گرووپە فەلەستینیەکە، ئیسرائیل و وڵاتانی نێوەندگیر سەرکەوتوو نەبوون لە رێککەوتن لەبارەی قۆناخەکانی دیکەی ئاگربەست. رۆژی 19ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ قۆناخی یەکەمی ئاگربەستی غەززە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە دوای ئەوەی 15 مانگ بوو ئیسرائیل و حەماس لە جەنگ دابوون.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە رێکنەکەوتنی حەماس و ئیسرائیل داوە و رایگەیاند، سەرهەڵدانەوەی جەنگ بۆ غەززە "وێرانکەر" دەبێت. دەشڵێت، "ئاگربەستی بەردەوام و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان گرنگە بۆ رێگریی لە زیادبوونی گرژییەکان".