موقاوەمەی ئیسلامی لە لوبنان: بنکەیەکی ئیسرائیلمان لە حەیفا بۆردوومان کرد
رووداو دیجیتاڵ
موقاوەمەی ئیسلامی لە لوبنان [حیزبوڵڵا] رایدەگەیێنێت، وەک تۆڵەیەک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە چەندین مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری شاری حەیفا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، موقاوەمەی ئیسلامی لە لوبنان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "وەک تۆڵەیەک بۆ خوێنی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی کە بە ستەم و خیانەت لەسەر دەستی دووژمنی زایۆنی رژا، هەروەها بۆ بەرگریکردن لە لوبنان و گەلەکەی، لە نیوەشەوی رابردوودا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانمان کرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هێرشەکە بە بەکارهێنانی چەندین مووشەکی جۆراوجۆر و ژمارەیەک درۆن کراوە و تێیدا بنکەی (مشمار کەرمل) کراوەتە ئامانج، کە بنکەیەکی تایبەتە بە سیستمی بەرگریی مووشەکیی سوپای ئیسرائیل و دەکەوێتە باشووری شاری حەیفا.
حیزبوڵڵای لوبنان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم وەڵامدانەوەیە لە چوارچێوەی "بەرگرییەکی رەوا"دایە و دەڵێت: "تیرۆرکردنی سەرکردە و گەنجەکانمان، مافی بەرگریکردن و وەڵامدانەوەمان لە کات و شوێنی گونجاودا پێدەدات؛ ئیسرائیلی دووژمن ناتوانێت بەردەوام بێت لە دەستدرێژییەکانی کە ماوەی 15 مانگە بەردەوامە، بەبێ ئەوەی وەڵامێکی تووندی پێنەدرێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، موقاوەمەی ئیسلامی جەختی لە پێویستیی کشانەوەی ئیسرائیل لە لوبنان کردووەتەوە و داوای لە لایەنە نێودەوڵەتییەکان کردووە کۆتایی بە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر لوبنان بهێنن.
رۆژی 28-2-2026 لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای ئەو وڵاتە کوژران.