بەرپرسێکی سێنتکۆم: لانیکەم فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە کوێت کەوتووەتە خوارەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای بڵاوبوونەوەی دیمەنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکیان لە کوێت، بەرپرسێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا دەڵێت، لانیکەم فڕۆکەیەکیان کەوتووەتەخوارەوە و تیمی نێو فڕۆکەکەش رزگارکراون.
 
بەرپرسێکی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاند، "بەلایەنی کەمەوە فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە کوێت کەوتووەتە خوارەوە."
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تیمی نێو فڕۆکەکە پێش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە ''بە سەلامەتی'' بە پەڕەشووت خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی راگەیێندراوی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت، بەیانیی ئەمڕۆ چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی کەوتنە خوارەوە و دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەستیان بە رێوشوێنەکانی گەڕان و رزگارکردنی فڕۆکەوانەکان کرد.
 
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری کوێت باس لەوە دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە لێکۆڵینەوە بەردەوامن بۆ زانینی هۆکارە راستەقینەکانی کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانە. 
 
هاوکات، بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، "بەرگریی ئاسمانیی ئێران فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-15ی سەر بە هێزە ئەمریکییەکانی کردە ئامانج و خستیە خوارەوە، کە مەبەستی بوو بێتە نێو خاکی وڵاتەکەوە."
 
بارەگاکە رایگەیاندووە، "پاشماوەی فڕۆکەکە لە نێو خاکی کوێت کەوتووەتە خوارەوە، ئەوەش بەهۆی نزیکیی شوێنی رووداوەکە لە سنوورەکانی ئەو وڵاتەوە."