حکومەتی لوبنان چالاکییە سەربازییەکانی حیزبوڵڵای قەدەخە کرد


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی لوبنان بڕیاری "قەدەخەکردنی دەستبەجێی" هەموو چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکانی حیزبوڵڵای دا و رایگەیاند، دەوڵەت هەر جۆرە کارێکی سەربازی لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان رەتدەکاتەوە. هاوکات وەزارەتی تەندروستیی ئەو وڵاتەش دەڵێت لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا 31 کەس کوژراون.
 
رۆژی دووشەممە، 2ی ئاداری 2026، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان دوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: "حکومەت بڕیاری دا بە قەدەخەکردنی دەستبەجێی هەموو چالاکییە ئەمنی و سەربازییەکانی حیزبوڵڵا؛ ئەم کارانە وەک کردەوەی دەرەوەی یاسا هەژمار دەکرێن و پێویستە حیزبوڵڵا چەکەکانی رادەست بکات."
 
نەواف سەلام جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەتی لوبنان رازی نییە خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێندرێت و گوتی: "رەتکردنەوەی رەها و بێ ئەملاو ئەولای خۆمان بۆ هەر کارێکی سەربازی دەردەبڕین، کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە شەرعییەکان بێت."
 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیران فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە رێگری لە هەر هەوڵێکی ئاراستەکردنی مووشەک و درۆن لە خاکی لوبنانەوە بگرن. عادل نەسار، وەزیری دادی لوبنانیش رایگەیاند، دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەو کەسانە دەرکردووە، کە مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
 
 
ئەم بڕیارەی حکومەت دوای ئەوە هات کە حیزبوڵڵا وەک تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. لە بەرامبەردا ئیسرائیل هێرشی تووندی کردە سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیروت و چەندین گوندی باشووری لوبنان.
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 31 کەس کوژراون و 149 کەسی دیکەش بریندار بوون. ئیسرائیل هەروەها چەندین باڵەخانەی دامەزراوەی دارایی "قەرزولحەسەن"ی سەر بە حیزبوڵڵای بۆردوومان کردووە.
 
پشتگیرییەکی چاوەڕواننەکراو و دۆخی ناوخۆ
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی لوبنان رایگەیاند، بڕیاری قەدەخەکردنی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا پشتگیرییەکی فراوانی لە ناو کابینەکەدا هەبووە، بە جۆرێک دوو وەزیری بزووتنەوەی ئەمەل و تەنانەت وەزیرێکی حیزبوڵڵاش لە ناو کابینەکەدا رەزامەندییان لەسەر بڕیارەکە دەربڕیوە.
 
بەهۆی تێکچوونی بارودۆخەکەش، وەزارەتی پەروەردەی لوبنان بڕیاری دا رۆژی سێشەممە هەموو قوتابخانە و زانکۆکان دابخرێن. هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت جارێکی دیکە هۆشداریی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە دەستبەجێ لوبنان جێبهێڵن.
 
سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای لە ئەمریکا و فەرەنسا کردووە کە گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی هێرشەکان و وەرگرتنی "پابەندییەکی روون" بۆ پاراستنی خاکی لوبنان. نەواف سەلام ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئیسرائیل لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا نیشاندا.
 
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دوای 28ی شوباتەوە و دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی و ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی تاران، کەوتووەتە ناو شەڕێکی گەورەوە.