ئیسرائیل هێرشێکی فراوان دەکاتە سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە سەرانسەری لوبنان
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەستپێکردنی شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە "سەرانسەری لوبنان" راگەیاند. ئەوەش دوای ئەوەی ئەو گرووپە چەندین مووشەکی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، هێرشەکە وەک تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 2ـی ئاداری 2026، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لە وەڵامی مووشەکبارانکردنی خاکی ئیسرائیل، هێزەکانمان دەستیان کردووە بە بۆردوومانکردنی ئامانجەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا لە سەرانسەری لوبناندا."
هاوکات لە بەیرووت، دەنگی چەندین تەقینەوەی گەورەیان لە پایتەختی لوبنان بیستووە.
حیزبوڵڵای لوبنانی بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکان راگەیاند و ئاشکرای کرد، بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلییان لە شاری (حەیفا) کردووەتە ئامانج. حیزبوڵڵا دەڵێت، ئەم هێرشە وەک تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و "بۆ بەرگری لە لوبنان و گەلەکەی و وەڵامدانەوەی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل" بووە.
ڤیدیۆی ئەو باڵەخانەیەی سوپای ئیسرائیل لە بەیرووت بۆردوومانی کردووە و دەڵێت، سەرکردەیەکی باڵای حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج pic.twitter.com/uOQki4QmOs
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 2, 2026
لە راگەیێندراوەکەی حیزبوڵڵادا هاتووە: "سەرکردایەتیی مقاوەمە دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامیی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و تیرۆرکردنی سەرکردە و گەنجەکانمان، مافی وەڵامدانەوەمان لە کات و شوێنی گونجاو پێ دەدات."
هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیل ناتوانێت بۆ ماوەی 15 مانگ لەسەر دەستدرێژییەکانی بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی "وەڵامێکی ئاگادارکەرەوەی" هەبێت بۆ راگرتنی شەڕ و کشانەوە لە خاکە داگیرکراوەکانی لوبنان.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، رێگە نادەن حیزبوڵڵا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل. سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا دەوڵەتی لوبنان وێران دەکات و بەرپرسیارێتیی زیادبوونی گرژییەکانیش لە ئەستۆی ئەوانە،" هەروەها بەڵێنی داوە کە "بە تووندی" وەڵامی هێرشەکە بدەنەوە.