سوپای ئیسرائیل: شادەماری دارایی حیزبوڵڵامان لەنێوبرد
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى ئیسرائیل رایگەیاند، لە دوایین هێرشە مووشەکییەکانیدا، لقەکانی دامەزراوەی "قەرزولحەسەنە"ى کردووەتە ئامانج، کە وەک شادەماری دارایی بۆ دابینکردنی مووچەی چەکداران و کڕینی چەک بۆ حیزبوڵڵا بەکارهاتووە.
وەزارەتى بەرگریى ئیسرائیل رۆژی دووشەممە، 02-03-2026 رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان دەیان ئامانجیان لەنێو دڵی بەیروت و باشووری لوبنان پێکاوە کە وەک ناوەندی دارایی حیزبوڵڵا بەکارهێنراون.
وێڕای وەشاندنی گورزی سەربازی، سوپای ئیسرائیل نەخشەی لقەکانی دامەزراوەی "قەرزولحەسەنە"ی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە ئەم رێکخراوە بۆ چەندین ساڵە لەژێر پەردەی خزمەتگوزاریی سڤیلدا، پارەی هاووڵاتییانی بۆ مەبەستی سەربازی و پڕچەککردنی چەکدارەکانی حیزبوڵڵا بەکارهێناوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، "حیزبوڵڵا تۆڕێکی ئابووریی هاوتەریب و جیاوازی لە سیستەمی یاسایی لوبنان دروستکردووە تاوەکو لە رێگەیەوە پارە لە ئێرانەوە وەربگرێت و مووچەی چەکدارەکانی پێ بدات."
ئیسرائیل پێیوایە چالاکییەکانی ئەم دامەزراوەیە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و رێگەخۆشکەرە بۆ فراوانبوونی هەژموونی تاران لە ناوخۆی لوبناندا.
لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە، حیزبوڵڵا سوود لە قەیرانی ئابووری و مرۆیی لوبنان وەردەگرێت تاوەکو پشتبەستنی هاووڵاتییان بەم دامەزراوانە زیاد بکات و پێگەی سەربازیی خۆی بەهێزتر بکات.
سوپا دەڵێت، "ئەم پارانە بۆ کڕینی کەرەستەی جەنگی، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئەنجامدانی چالاکییە چەکدارییەکان تەرخان دەکرێن." ئیسرائیل پێیوایە چالاکییەکانی ئەم دامەزراوەیە هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیانی و مەترسییەکانی بۆ سەر تەواوی ناوچەکە فراوانتر دەبن.
دامەزراوەی "قەرزولحەسەنە" لە ساڵی 1982ـەوە وەک رێکخراوێکی خێرخوازی لە لوبنان دامەزراوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2019 و داڕمانی کەرتی بانکیی لوبنان، رۆڵی ئەم دامەزراوەیە وەک "بانکی سێبەر" گەشەی کرد.
وێڕای ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2007ـەوە ئەم دامەزراوەیەی خستووەتە لیستی سزاکانەوە، بەڵام ئێستا زیاتر لە 30 لقی لە سەرتاسەری لوبنان هەیە.