سوپای ئیسرائیل داوا لە دانیشتووانی 50 گوند و شارۆچکەی لوبنان دەکات ماڵەکانیان چۆڵ بکەن
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی دایە دانیشتووانی نزیکەی 50 گوند و شارۆچکە لە باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان و داوای لێکردن دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن؛ ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی نوێ لە پێگەکانی حیزبوڵڵا.
رۆژی دووشەممە 2ی ئاداری 2026، ئیلا واویا، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە، "بۆ سەلامەتیی خۆتان، دەستبەجێ ماڵەکانتان چۆڵ بکەن و لانیکەم کیلۆمەترێک لە گوندەکانتان دووربکەونەوە و بەرەو ناوچە کراوەکان بڕۆن."
سوپای ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە چالاکییەکانی حیزبوڵڵا ئەوانی ناچار کردووە ئەو هەنگاوە بنێن و دەڵێت: "سوپای ئیسرائیل نایەوێت ئازاری ئێوە بدات، بەڵام هەرکەسێک لە نزیک چەکداران، ژێرخان یان چەکەکانی حیزبوڵڵا بێت، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە."
هۆشدارییەکەی سوپای ئیسرائیل نزیکەی 50 ناوچەی جیاوازی گرتووەتەوە، لەوانە: سەریفە، قانا، حەنین، مەیسولجەبەل، شەقرا، حەولا، بەعەلبەک، عەیناتا، مەعرەکە و چەندین گوندی دیکە لە دەوروبەری سوور و بنت جوبەیل.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە حیزبوڵڵای لوبنانی بە چەندین مووشەک شاری حەیفا و باکووری ئیسرائیلی کردە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران.