چوار وڵاتی عەرەبی هەوڵی گەڕاندنەوەی سووریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە عەممانی پایتەختی ئوردن لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی سووریا کرا و کۆبوونەوەی بەرپرسانی چەند وڵاتێک بۆ گەڕاندنەوەی سووریا بۆ باوەشی جیهانی عەرەبی کرا.
 
ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، "ناکرێت دۆخی ئێستای سووریا بەو شێوەیە بەردەوام بێت. ئەو میتۆدەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پەیڕەو کراوە لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانەکە هیچی بەرهەم نەهێناوە، تەنیا وێرانکاریی زیاتر نەبێت. بەگشتی ئەو کۆبوونەوەیە دەستپێکی رێگەیەکی سیاسییە بە سەرۆکایەتیی وڵاتانی عەرەبی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ ئەو قەیرانە سیاسییە."
 
لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە ئوردن، سعودیە، عێراق و میسر لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی سیاسی و ئەمنی و مرۆیی تایبەت بە چارەسەکردنی قەیرانی 12 ساڵەی سووریا رێککەوتن، لەوانەش کۆتاییهێنان بە تیرۆر و گرووپە چەکدارەکان، سەپاندنی دەسەڵاتی سووریا بەسەر سەرجەم ناوچەکان، نەهێشتنی سەرچاوەکانی مادەی هۆشبەر و بەقاچاخبردنی، رێگەدان بە گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا، چارەسەکردنی دۆخی ئاوارەکان، دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور.
 
وەزیری دەرەوەی ئوردن دەڵێت، "سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە هاوکاریی مرۆیی بۆ هەموو ئەوانە دابین بکەین کە شیاون، لە برا سوورییەکانمان لە سەرجەم ناوچەکان. هەروەها بە وردی باسمان لە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر کرد کە نەک تەنیا هەڕەشەیە بۆ وڵاتانی دراوسێی سووریا، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکەش."
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، ژمارەیەک وڵات، لەوانەش ئیمارات، بەحرێن، میسر و تونس پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی کردووەتەوە، بەڵام هەندێک وڵات تێبینییان لەسەر ئاساییکردنەوەکە هەیە، لەوانەش قەتەر.
 
رۆژی 14-04-2023 محه‌ممه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان بن جاسم ئال سانى، وەزیری دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، "پێشەکی، هیچ شتێک لەسەر مێز نییە و تەنیا قسەیە، هەر شتێک دەبینیت و گوێت لێی دەبێت؛ لەبارەی دەوڵەتی قەتەر، هەڵوێستی خۆمان روونکردووەتەوە."
 
لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، ئەندامێتیی سووریا لە رێکخراوی کۆمکاری عەرەبی هەڵپەسێردرا لە بەرامبەر سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی سووریایی لەلایەن دەسەڵاتی دیمەشقەوە، کە بەهۆی ئەو قەیرانەوە زیاتر لە 350 هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون.