لە ماوەی 24 کاژێردا 41 کەس لە لوبنان بە هێرشی ئیسرائیل کوژراون


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی هێرشەکانی رۆژی شەممەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، لانیکەم 10 کەس کوژران، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەستپێکی هێرشەکانەوە لە 2ـی ئادارەوە کوژراون، بۆ دوو هەزار و 659 کەس بەرزبووەوە و هەشت هەزار و 183 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئیسرائیل چەندین هێرشی کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان، کە تێیدا لانیکەم 10 کەس کوژران؛ ئەمەش وەک پێشێلکارییەکی دیکەی ئەو "ئاگربەستە" هەژمار دەکرێت کە دوو هەفتە لەمەوبەر راگەیێندرا.
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی نوێی هێرشەکانی رۆژی شەممەوە، ئاماری کوژراوان لە 24 کاژێری رابردوودا گەیشتووەتە 41 کەس. 
 
ئاژانسی نیشتمانیی راگەیاندنی لوبنان (NNA) لە زاری وەزارەتی تەندروستییەوە بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر شارۆچکەی شەوقین لە پارێزگای نەبەتییە سێ کەس کوژراون.
 
پێشتریش لە هێرشێکدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە گوندی کەفەر دەجال دوو کەس کوژرابوون. هەروەها لە ئەنجامی پێکانی ماڵێک لە گوندی لوەیزە سێ کەسی دیکە کوژران. بەپێی هەمان سەرچاوە، لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر گوندی شەوقین دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
هێزەکانی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر نزیک بازنەی قودس لە شاری نەبەتییە و شارۆچکەی سدیقین لە قەزای سووڕ.
 
ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستەی کە لە 17ی نیسان دەستیپێکرد و دواتر تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئایار درێژکرایەوە.
 
هەرچەندە ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکانی چەکدارانی حیزبوڵڵا دەکەنە ئامانج، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە کوژراوەکان کەسانی سڤیلن. لە هەڵگیرسانی شەڕەکەشەوە، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە لوبنان ئاوارە بوون.