ئیسرائیل دەڵێت لە وەڵامی هێرشێکی مووشەکیدا سووریای بۆردوومان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردووەتە سەر شوێنێکی نزیک شاری حمسی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی دیمەشق؛ سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، دەزگایەکی سیستمی بەرگریی دژە فڕۆکەی بە ئامانجکردووە، دوای ئەوەی کە دەزگاکە مووشەکێکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن، ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشەکەدا کوژراوە.
لە ماوەی شەڕی دوازدە ساڵەی نێوخۆی سووریادا، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر خاکی سووریا، کە زۆربەی کات پێگەی هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و حیزبوڵای لوبنانی و سوپای سووریای بەئامانجکردووە.
میدیای سووریا رۆژی یەکشەممە گوتی، "ئیسرائیلی دوژمن، لە ئاراستەی باکووری رۆژهەڵاتی بەیرووتەوە هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر چەند خاڵێکی نزیک شاری حمس" کە 20 کیلۆمەتر لە لوبنانەوە دوورە.
میدیاکە ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکەی ئیسرائیل زیانی ماددی هەبووە، بەڵام بەرگریی ئاسمانیی سووریا بەرپەرچی بەشێک لە مووشەکەکانی داوەتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە مووشەکێکی دژە فڕۆکەی سووریا "وا دەردەکەوێت لە ئاسمانی ئیسرائیلدا تەقیبێتەوە."
چەند کاژێرێک دوای ئەوە، سوپاکە گوتی، "دەزگایەکی بەرگریی دژە مووشەکمان لە سووریا بەئامانجکردووە، ئەوەش لە وەڵامی هاویشتنی مووشەکێکی دژە فڕۆکە لە سووریاوە بۆ نێو خاکی ئیسرائیل."
هاوکات باسی لەوەش کردووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل "چەند ئامانجێکی دیکەشیان لە ناوچەکەدا پێکاوە" و هیچ کەس بەهۆی مووشەکە سوورییەکەوە بریندار نەبووە.
میدیای ئیسرائیل ژماریەک وێنەی بڵاوکردنەوە، گوایە وێنەی مووشەکەکەن کە دەردەکەوێت درێژییەکەی 1.5 مەترە و لە شاری رەهت لە باشووری ئیسرائیل کەوتووەتە خوارەوە.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، هێرشەکەی ئیسرائیل "بنکەکانی حیزبوڵڵا و کۆگاکانی چەک"ی لە باکووری رۆژهەڵاتی حمس بەئامانجکردووە، ئەندامێکی سوپای پاسدارانی کوشتووە و چواری دیکەی بریندارکردووە.
"راوێژکارانی ئێران"
لە سەرەتای ململانێی سووریاوە، ئێران پشتیوانی لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتە کردووە، بەڵام بەردەوام رەتیکردووەتەوە هیچ سەربازێکی لە نێو خاکی ئەو وڵاتەدا هەبێت، بەڵکو تەنیا راوێژکارانی سوپای پاسدارانی بۆ یارمەتیدانی دیمەشق جێگیرکردووە.
کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بوونە هۆی کوژرانی دوو ئەندامی سوپای پاسداران.
حکومەتی سووریا کە لە لایەن حیزبوڵڵا و رووسیاشەوە پشتیوانی دەکرێت، توانیویەتی زۆربەی ئەو خاکەی لە سەرەتای شەڕە نێوخۆییەکەدا لەدەستیدابوو، بەدەستبهێنێتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە دوایین هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا، بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانی لە پارێزگەی تەرتووسیش بەئامانجکراوە.
ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سووریا دەدات، بەڵام بەردەوام جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە رێگە بە ئێرانی نەیاری نادات شوێنپێی خۆی لەو وڵاتە پتەوبکات.
بە گوێرەی میدیای فەرمیی سووریا، 14ی حوزەیران، ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردنە سەر دیمەشق کە بوونە هۆی برینداربوونی سەربازێک.