وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: یەمەن هەمان چارەنووسی تارانی دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

لەدوای هێرشە مووشەکییەکەی شەوی سێشەممەی حووسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە هۆشداری بەو گرووپە چەکدارە دەدات و دەڵێت، وەڵامی تووندیان دەدەنە، "یەمەنیش هەمان چارەنووسی تارانی پایتەختی ئێرانی دەبێت."
 
رۆژی سێشەممە، 01ی تەممووزی 2025، حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، هێرشێکی مووشەکی بالیستییان بۆ سەر ئیسرائیل کردووە و فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان لە شاری تەل ئەڤیڤ کردووەتە ئامانج. 
 
لە راگەیێندراوێکدا، حووسییەکان گوتبوویان، لەو هێرشەدا مووشەکی بالیستیی جۆری "فەڵەستین 2" بەکارهێندراوە و هێرشەکەش لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەیانە بۆ "سەرخستنی گەلی فەڵەستین و وەک وەڵامێک بۆ تاوانەکانی کۆمەڵکوژی لە غەززە".
 
دواتر سوپای ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی مووشەکەکەیان تێکشکاندووە. 
 
لەبارەی ئەو هێرشەی حووسییەکان، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، "چارەنووسی یەمەن وەک چارەنووسی تاران دەبێت. دوای لێدان لە سەری مارەکە لە تاران، لە حووسییەکانیش لە یەمەن دەدەین. هەر کەسێک دەست بۆ ئیسرائیل درێژ بکات ئەو دەستە دەبڕدرێتەوە." 
 
لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل لە غەززە لە تشرینی یەکەمی 2023وە، حووسییەکان، بە درۆن و مووشەک ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی نێو دەریای سووریان کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی تێکدانی هاتووچۆی دەریایی و بازرگانیی جیهانی.
 
هەر لەدوای هێرشەکەی حووسییەکان، مایک هەکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە پەیامێکدا لە ئێکس رایگەیاند "پێمان وابوو لەگەڵ مووشەکەکان بۆ سەر ئیسرائیل تەواو بووین، بەڵام حووسییەکان تازە یەکێکیان بۆ ئیسرائیلدا هەڵدا. خۆشبەختانە، سیستمی بەرگریی ئیسرائیل لەنێویبرد. رەنگە پێویست بکات فڕۆکەی بۆمبهاوێژیی B2 سەردانێکی یەمەنیش بکات."