سوپاسالاری ئیسرائیل: ئازادکردنی بارمتەکان یان بەردەوامی جەنگ

رووداو دیجیتاڵ

سوپاسالاری ئیسرائیل رایگەیاند، جەنگی نێوانیان لەگەڵ حەماس "بەبێ وچان" بەردەوام دەبێت ئەگەر گفتوگۆکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بە سەلامەتی شکستبهێنن.
 
رۆژی شەممە، دووی ئابی 2025، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوێنێ ئیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی کرد لە کەرتی غەززە. 
 
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەو سەردانەدا ئیال بە سەربازانی وڵاتەکەی راگەیاند، "پێشبینی دەکەم کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بزانین کە ئایا دەگەینە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان یاخود نا." دەشڵێت، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، "جەنگ بێوچان بەردەوام دەبێت."
 
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە راگەیاند. بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لەو هێرشەیدا حەماس 251 کەسی بە بارمتە گرت و هێشتا 49یان لەلای گرووپەکە ماون کە 27یان گیانیانلەدەستداوە یان کوژراون. 
 
هەڕەشەکەی سوپاسالاری ئیسرائیل لەکاتێکدایە گفتوگۆکانی ئاگربەست نزیکن لە شکستهێنان، ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 24ـی تەممووزی 2025، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بڕیاری کشانەوەی تیمەکەمان لە دەوحە بۆ راوێژکردن دا، دوای وەرگرتنەوەی دوایین وەڵامی حەماس کە بە روونی پشانی دەدات گرووپەکە ویستی ئاگربەستی لە غەززە نییە". 
 
گوتیشی، "هەرچەندە نێوەندگیرەکان هەوڵی زۆریاندا، بەڵام حەماس نیەتێکی باشی نەبوو" بۆ ئاگربەست.
 
دۆخی ئێستای جەنگەکە لەکاتێکدایە بەهۆی خراپی دۆخی مرۆیی غەززەوە ژمارەیەک رێکخراوی نێودەوڵەتی، وڵات و دامەزراوەی جیهانی داوای ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەکەن.