ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو: پێویستە عێراق پابەندی رێککەوتنەکانی خۆر عەبدوڵڵا بێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزاریی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کۆبووەوە و چەندین بڕیار و راسپاردەی دەکرد. سەبارەت بە سنووری عێراق و کوێت و پرسی خۆر عەبدوڵڵا ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "پێویستە" عێراق رێز لە سەروەریی دەوڵەتی کوێت و یەکپارچەیی خاکەکەی بگرێت، کە دوورگە و ناوچە دەریاییەکانیشی دەگرێتەوە.
 
خۆرعەبدوڵڵا، کەناڵ و رێڕەوێکى ئاوییە لەنێوان عێراق و کوێت، درێژییەکەى 60 کیلۆمەتر و پانییەکەى 40 کیلۆمەترە، بەندەرى ئوم قەسرى شارى بەسرە لەسەر ئەو کەناڵەیە کە نزیکەى 90%ى نەوتى عێراقى لێوە هەناردە دەکرێت.
 
رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان عێراق و کوێت لە تشرینی دووەمی 2013 نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق واژۆی لەسەر کرد؛ دواتر لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەردرا و کرایە یاسای ژمارەی 42ی 2013.
 
ئەنجوومەنی وەزاریی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا جەختی کردەوە کە هەڵوێستی سەبارەت بە گرنگیی رێکخستنی کەشتیوانی لە خۆر عەبدوڵڵا "نەگۆڕە".
 
'دەبێت عێراق پابەندی رێککەوتنەکان بێت'
 
ئەنجوومەنی وەزاری ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو داوای تەواوکردنی دیاریکردنی سنووری دەریایی نێوان هەردوو وڵاتی کرد لە دوای نیشانەی 162، ئەوەش بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی ساڵی 1982ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان.
 
لە 10ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1994 ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئەوکاتی عێراق کۆبووەوە و بڕیاردرا بە پابەندبوون بە بڕیاری ژمارە 833ـی ساڵی 1993ـی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق دانی بە سنووری نێودەوڵەتیی نێوان عێراق و کوێت نا. هەمان رۆژ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش بڕیاری ژمارە 200ـی دەرکرد و دانی نا بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئەو کاتی عێراقدا.
 
بەگوێرەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئەوکاتی شۆڕش، حکومەتی عێراق دان بە سەروەریی دەوڵەتی کوێت و دروستیی هەرێمی و سەربەخۆیی سیاسییدا دەنێت.
 
ئەنجوومەنەکە جەختی لە پێویستیی رێزگرتنی عێراق لە سەروەریی دەوڵەتی کوێت و یەکپارچەیی خاکەکەی، کە دوورگە و ناوچە دەریاییەکانیشی دەگرێتەوە. لەگەڵ پابەندبوون بە پەیماننامە و رێککەوتنە دووقۆڵی و نێودەوڵەتییەکان و سەرجەم بڕیارە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کردەوە، بەتایبەتی بڕیاری ژمارە 833ی ساڵی 1993ی ئەنجوومەنی ئاسایش تایبەت بە دیاریکردنی سنووری وشکانی و دەریایی نێوان هەردوو وڵات.
 
ئەنجوومەنەکە جەختی لە گرنگیی بەدیهێنانی پێشکەوتنی ئەرێنی لەم دۆسیەیەدا کردەوە و دووپاتیکردەوە کە پێویستە لیژنەی هاوبەشی تەکنیکی-یاسایی بۆ دیاریکردنی سنووری دەریایی لە دوای نیشانەی 162، بە تەواوی پابەندی کۆنووسەکانی بێت.
 
رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان عێراق و کوێت مشتومڕ و ناڕەزایی زۆری لێکەوتووەتەوە کە تائێستاش لە نێوخۆی عێراقدا بەردەوامن.
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە 4ى ئەیلوولى 2023 لەسەر بنەماى سکاڵاى ژمارەیەک پەرلەمانتار لە بڕیارێکى پێشووی پاشگەز بووەوە و بڕیاری دا رێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا بە نادەستووری بناسێنێت، سەرەڕای ئەوەى دادگەکە لە 18ى کانوونى دووەمى 2014 رایگەیاندبوو، رێککەوتنامەکە پێشێلى دەستووری تێدا نییە.
 
پاساوى دادگەى فیدراڵى بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو رێککەوتننامەیە ئەوە بوو کە بە یاساى پەیماننامەکانى ساڵى 1979 واژۆکراوە، لە کاتێکدا ئەو دەستوورەى لە 2005 پەسندکراوە لەگەڵ رێککەوتننامەکە یەک ناگرێتەوە و لەبرى یاساکە پشت بە دەستوور دەبەسترێت.
 
ئەو ئەنجوومەنە داوای لە عێراق کرد، پابەندی رێککەوتنی رێکخستنی کەشتیوانیی دەریایی لە خۆر عەبدوڵڵا بێت، کە لە 29ی نیسانی 2012 لەنێوان کوێت و عێراق واژۆکراوە، هەروەها پابەندبێت بە پرۆتۆکۆڵی ئاڵوگۆڕی ئەمنیی واژۆکراوی ساڵی 2008 و نەخشە پەسندکراوەکەی نێو پلانی هاوبەشی دڵنیابوون لە سەلامەتیی کەشتیوانی لە خۆر عەبدوڵڵا، کە لە 28ی کانوونی یەکەمی 2014 واژۆکراوە.
 
'رێکخەرێکی باڵا وەکو جێگرەوەی یونامی لە عێراق دابنرێت'
 
ئەنجوومەنی وەزاری پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیاری ژمارە 2732ی ساڵی 2024ی ئەنجوومەنی ئاسایش دووپاتکردەوە، (بڕیارەکە تایبەتە بە کۆتاییهێنان بە کارەکانی یونامی لە عێراق، کە 31ی 12ی 2025 وەکو کۆتا وادەی کارکردنی دیاریکراوە).
 
ئەو ئەنجوومەنە جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی چاودێریی ئەنجوومەنی ئاسایش کردەوە بۆ دۆسیەی دیلەکان، بێسەروشوێنان و موڵک و ماڵی کوێت، بە ئەرشیڤی نیشتمانیشەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، بەتایبەتی بڕیارەکانی 686ی ساڵی 1991، 687ی 1991 و 1284ی 1999. هەروەها پێویستیی مانەوەی دۆسیەکان لەژێر چاودێریی ئەنجوومەنی ئاسایشدا دووپاتکردەوە، وەکو لە بڕیاری 2107ی  ساڵی 2013 هاتووە، کە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی راپۆرتی تایبەت بە دۆسیەکانی کوێتی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش دیاریکردووە.
 
ئەنجوومەنی وەزاریی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو راشیگەیاند، "گونجاوترین جێگرەوە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، دانانی رێکخەرێکی باڵایە لەلایەن سکرتێری گشتییەوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیە مرۆیی و نیشتمانییەکانی کوێت، چونکە ئەمە میکانیزمێکی تاقیکراوە و سەرکەوتنی سەلماندووە و چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆسیەکانی کوێت مسۆگەر دەکات."