ئەعرەجی: هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی جیددی بووە
رووداو دیجیتاڵ
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی، بە ئێرانییەکانی راگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان جیددی بووە لە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی کە بۆی دیاریکرابوون". هەروەها گوتوویەتی، ئەو ئەنجامانەی دوای رێککەوتنی ئەمنی بەدەستهاتوون لە 1991ـەوە بەدی نەهاتوون.
رۆژی دووشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2023، نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنیی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران لە تارانی پایتەختی ئێران کۆبوونەوە.
راگەیێندراوەکە کۆبوونەوەکە بە "گرنگ" ناودەبات؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق سەرۆکایەتی لایەنی عێراقی و د. ئەحمەدیان ئەمینداری گشتیی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سەرۆکایەتیی شاندی ئێرانی کردووە. سەرجەم ئەندامانی لیژنەکەش ئامادەبوونە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات، ئەوەی بەدیهاتووە و ئەوەشی ماوەی بەدی بێت.
ئەعرەجی باسی پابەندبوونی عێراقی بە رێککەوتنەکە کردووە و گوتوویەتی: "سەرجەم ناوچەکە لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی چۆڵکراوە و ئەمانە بەپێی رێککەوتن چەککراون و لە ناوچە سنوورییەکانی دوورخراونەتەوە. هێزی فیدراڵی لەو ناوچەیە بڵاوبوونەتەوە". ئەعرەجی هەروەها گوتوویەتی: "حکومەتیی هەرێمی کوردستان جیددی بووە لە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی کە بۆی دیاریکرابوون".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا قاسم ئەعرەجی باسی لە گرنگی هاوئاهەنگی باڵای نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە و دەڵێت: "ئەو ئەنجامەی دوای رێککەوتنی ئەمنی بەدەستهاتوون لە 1991ـەوە بەدی نەهاتوون، ئەم گروپە ساڵانێکە لەو ناوچانە بوونە، بەبێ ئەوەی هێزی فەرمی فیدراڵی لێ بێت."
بە گوتەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان "بە وردی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەکات، عێراق سوورە لەسەر ئاسایشی ئێران و رێگەنادات خاکەکەی ببێتە شوێنێک بۆ تێکدانی ئاسایشی هیچ وڵاتێکی دراوسێ." هەروەها دەڵێت: "عێراق هەموو بڕگەکانی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێرانی جێبەجێکردووە."
لای خۆیەوە، ئەحمەدیان سوپاسی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی عێراقی کرد، کە ئاسانکاریان بۆ زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن کردووە. هاوکات گوتیشی، جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو وڵات بەدی دەهێنیت و ئەوەی بەدیهاتووە خواستی هەردوو وڵاتە.
هەر دووشەممە، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: ئەوەی لە گفتوگۆی نێوان ئێران و لایەنەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە ئارادا بووە، "پابەندیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتی رێککەوتننامەکە دەربڕیوە."
ناسر کەنعانی دەڵێت: "لەو راپۆرتانەدا کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییان داون، گوتوویانە بەشێکی بەرچاو رێککەوتننامەکە جێبەجێکراوە و بەشێکی بەرچاوی بنکە سەربازییەکانی گرووپە تیرۆریستە چەکدارەکان چۆڵ کراون، چەکیان لێ داماڵدراوە، بۆ قوڵایی خاکی عێراق، بەجۆرێک کە لە سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دوور بن، راگوێزراون."
بەگوتەی ناسر کەنعانی، بەشێک لە بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان "بە تەواوەتی لەنێوبراون و ئەو بنکانەش کە ماون، تێکدەدرێن."
رۆژی 19ـی ئاداری 2023، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئێران ماوەی شەش مانگی دانابوو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، کە گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکەش دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو لەسەر سنوورەکان و چەکدانانی ئەو هێزانە بوو.
هەرێمی کوردستان کە بەشێک بوو لەو رێککەوتنە، پابەندی رێککەوتنەکە بوو و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە سنوورەکان دوورخستەوە.