مانگی سووری لیبیا بۆ رووداو: هاتنی کۆچبەران لە عێراقەوە زۆر زیادی کردووە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە مانگی سووری لیبیا دەڵێت، هاتنی بەلێشاوی کۆچبەرانی کورد و عێراقی بۆ لیبیا زۆر زیادیکردووە و بەهۆی دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتەش مەترسییەکی زۆر لەسەر ژیانی کۆچبەران هەیە، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کوردیش لە ئەورووپا دەڵێت، ئێستا 41 کۆچبەری عێراقی لە لیبیا گیریان خواردووە کە زۆرینەیان کوردن و بەهۆی ئەوەی قاچاخچییەکان پاسپۆرتیان لێوەرگرتوون ناتوانرێت بە رێگەی فەرمی بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
زیاد دورسی، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە مانگی سووری لیبیا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکەشی دەکات رایگەیاند، هاتنی کۆچبەران بە لێشاو لە عێراقەوە بۆ نێو خاکی لیبیا زۆر زیادی کردووە، لەنێو کۆچبەرانی عێراقی کۆچبەرانی کوردیش هەن، بەڵام ئامارێکی فەرمی لەبەردەست نییە لەبارەی ژمارەیان.
 
سەبارەت بە دۆخی ئەو کۆچبەرانە، زیاد دورسی گوتی: "ئێمە هەموو خزمەتگوزاریی و هاریکارییەکی مرۆیی بۆ کۆچبەران دابین دەکەین و لە سەروو هەموویانەوە ئامانجی ئێمە پاراستنی گیانی کۆچبەرانە، لەو چوارچێوەیەش لەگەڵ هەموو لایەنە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کاردەکەین بۆ پاراستنی کۆچبەران."
 
بە گوتەی دروسی، ئەو کۆچبەرانە لە سنوورە جیاوازەکانەوە دێنە لیبیا، لە میسر و سنوورەکانی باشوورەوە بە رێگەی قاچاخ دزە دەکەنە نێو خاکی لیبیا بۆ گەیشتن بە کەناراوەکان، بەڵام  داتایەکی دروست و فەرمی لەسەر ژمارەی کۆچبەرەکان  بەردەست نییە.
 
بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە مانگی سووری لیبیا گوتی: "بەردەوام لەگەڵ دەزگە ئەمنییەکان لە هاوئاهەنگیداین بۆ پاراستنی گیانی کۆچبەران."
 
رۆژی چوارشەممە، 1-10-2025، ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت رێکارەکانی گەڕاندنەوەی 41 کۆچبەریان تەواو کردووە، کە سەرجەمیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و بە نایاسایی چوونەتە لیبیا.
  
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کورد لە ئەورووپا باسی لەوەکرد کە ئێستا لیبیا یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتەکان بۆ کۆچبەران و دەڵێت: "لیبیا لە دۆخێکی زۆر ناجێگیرە و زۆر مەترسیدارە بۆ کۆچبەران بەهۆی دۆخی ئەمنی ناجێگیری ئەو وڵاتە و فرە هێزی چەکداری و گرووپەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤ.
 
پێشڕەو عەبدوڵڵا، گوتیشی: "بەپێی ئەو تۆمارانەی دەست ئەوان کەوتووە ژمارەیەک کۆچبەر لەلایەن گرووپە چەکدارەکان و کەسانی نەناسراو لەنێو خاکی لیبیا کوژراون و نەشتوانراوە تاوانبارەکان بدۆزرێنەوە."
 
دوایین کاروانی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە گەڕێندرابنەوە، 25 کۆچبەر بوون کە لە 10ـی ئەیلوولی 2025 گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
 
نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کورد لە ئەورووپا "هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە جیدی کارناکەن بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران، چونکە ئێستا ئەو 41 کۆچبەرە کە لە تەرابلوسی لیبیا گیریان خواردووە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە پاسپۆرتەکانیان لێسەندراوە و بەهۆی نەبوونی پاسپۆرتیشەوە ناتوانرێت بە رێکاری فەرمی لە فڕۆکەخانەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان"
 
هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا 68 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە، کە سەرجەمیان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بوون."
 
"کۆچی بەلێشاو لە قەزا و ناحیەکان"
 
باهۆز بارزان، گوتەبێژی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران باسی لە بەدواداچوونەکانی دەزگاکەیان کرد بۆ کۆچی نایاسایی و لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "ئێستا کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان رێگەکانی تونس و لیبیا بەکاردەهێنن وەکو رێگەی جێگرەوە بۆ کۆچکردن لە رێگەی تورکیاوە بۆ گەیشتن بە ئەورووپا." 
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی رێگەی لیببا بۆ کۆچکردن، باهۆز بارزان گوتی: "قاچاخچییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن رێگەی لیبیا سەلامەتترە بۆ گەیشتنی کۆچبەران بە وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام رێگەیەکی زۆر زۆر مەترسیدارە و هیچ گرێنتییەک نییە بۆ پاراستنی گیانی کۆچبەران تەنانەت لەرووی یاساییەوە لەنێو خاکی ئەو وڵاتە."
 
گوتەبێژی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاماژەی بەوەدا، لە بەدواداچوونەکانیان دەرکەوتووە کۆچکردنی گەنجانی کورد لە قەزا و ناحیەکان زۆر زیاتر و بە لێشاوترە بەراورد بە سەنتەری شارەکان، ئەوەش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە، بەڵام لە سەروو هەموویانەوە خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی دەرفەتی کارە لە قەزا و ناحیەکان.
 
جگە لە لیبیا، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە باڵیۆزخانەی عێراق لە تونس وەریگرتووە، لە ساڵی 2024ـەوە 300 کۆچبەر لە تونسەوە گەڕێندراونەتەوە کە سەرجەمیان کورد بوون و ئێستاش رێکارەکانی گەڕاندنەوەی 30 کۆچبەری دیکەیان دەستپێکردووە."
 
هەروەها سەرچاوەیەکی بەرپرسی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان بە رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 1600 کۆچبەر گەڕێندراونەتەوە عێراق کە بەشێکیان کورد بوون.