بەرگریی شارستانیی غەززە: لە رۆژێکدا 52 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژران
رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی غەززە و نەخۆشخانەکان رایانگەیاند، رۆژی پێنجشەممە لانیکەم 52 کەس لە سەرانسەری غەززەدا لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون، لەنێویاندا کارمەندێکی رێکخراوی خێرخوازیی فەرەنسی "پزیشکانی بێ سنوور" هەیە.
بەرگریی شارستانی، کە هێزێکی فریاگوزارییە و لەژێر دەسەڵاتی حەماسدا کاردەکات رایگەیاند، کوژراوەکان بەهۆی "بۆردوومانی بەردەوامی ئیسرائیلەوە بووە بۆ سەر کەرتی غەززە لە بەرەبەیانەوە" و روونیکردەوە کە 10 کەس، لەنێویاندا لانیکەم منداڵێک، لە شاری غەززە کوژراون.
رۆژی پێنجشەممە، 02-10-2025، چەند نەخۆشخانەیەک رایانگەیاند، 10 تەرمیان لە شاری غەززە، 14 لە نێوەڕاستی غەززە و 28 لە باشووری کەرتەکە وەرگرتووە. راشیانگەیاندووە، هەندێک لە کوژراوەکان بەهۆی هێرشی ئاسمانی، هەندێکی دیکەیان بەهۆی هێرشی درۆن و تەقەکردنەوە بووە.
سوپای ئیسرائیل لە وەڵامدا رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکات.
کارمەندێکی پزیشکانی بێ سنوور کوژرا
نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس تەرمی نزیکەی 30 کەسی وەرگرتووە، لەنێویاندا 14 کەس کە بە "تەقەی ئیسرائیل" کوژرابوون لە کاتێکدا چاوەڕێی دابەشکردنی خواردنیان دەکرد.
نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا لە دێر بەلەح رایگەیاند، نۆ تەرمی وەرگرتووە.
لەنێو کوژراوەکاندا، عومەر حایکی تەمەن 26 ساڵ هەبوو، کە کارمەندێکی رێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور (MSF) بوو. بەگوێرەی نەخۆشخانەکە و خێزانەکەی، حایکی لە هێرشێکدا بۆ سەر کۆمەڵێک هاووڵاتیی سڤیل لە دێر بەلەح کوژراوە.
کارین هوستەر، سەرۆکی تیمی پزیشکیی MSF لە غەززە رایگەیاند: "کاتێک گەیشتین، بۆمان دەرکەوت یەکێک لە هاوکارەکانمان کوژراوە و چواری دیکەش برینداربوون. ئەمە بۆ خێزانەکانیان و بۆ تیمەکەمان کارەساتبار دەبێت. کوشتن بەسە، چ بە ئامانج بێت یان نا، ئەمە قبووڵنەکراوە."
جەنگی نزیکەی دوو ساڵەی غەززە دوای هێرشە چاوەڕواننەکراوەکەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دەستیپێکرد، کە بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس لە ئیسرائیل. هەڵمەتی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلیش تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 66,225 فەڵەستینی لە غەززە.