یەمەنییەكان دژی حوسی و ئێران دروشم دەدەن

رووداو - عەرەبییە

سەدان یەمەنی لە سەنعای پایتەختی ئەو وڵاتە خۆپێشاندانیان كرد و دژ بە گرووپی حوسییەكان و حكومەتی ئێران دروشمیان بەرز كردەوە.

خۆپێشاندەران حكومەتی ئێرانیان تۆمەتباركردووە بەوەی، كە لە رووی دارایی و دابینكردنی چەكەوە پشتگیری حوسییەكانی یەمەن دەكات .

خۆپێشاندەران هەروەها مەنسوور هادی، سەرۆككۆماری یەمەنیان بە بەرپرسیار زانیوە لەوەی كە رێگری لە حوسییەكان نەكردووە، كە دەستیان داوەتە هێرش و تاڵانكردنی دامەزراوە حكومییەكان، هەروەها داوایان لە سەرۆككۆماری یەمەن كردووە بۆ بەرگریكردن لە وڵات ئەنجوومەنی سەربازی پێكبهێنێت ، لەگەڵ ئەوەش هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ پەرلەمان و سەرۆكایەتی كۆمار ئەنجامبدات.

ئەمەش لە كاتێكدایە، كە حوسییەكان لە رۆژی هەینییەوە ماوەی 10 رۆژ مۆڵەتیان بۆ حكومەت داناوە، كە لەو ماوەیەدا كابینەی نوێی حكومەت رابگەیەنێت.