دوای وەرگرتنی تەرمی هەڵە، ئیسرائیل بۆردوومانی غەززەی کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رۆژی شەممە هێرشی ئاسمانیی کردەوە سەر غەززە، ئەمەش چەند کاژێرێک دوای ئەوەی پرۆسەی رادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکان جارێکی دیکە پەکیکەوت.
ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو سێ تەرمەی بزووتنەوەی حەماس رادەستی کردوون، تەرمی بارمتەکان نین.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە غەززە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، رۆژی شەممە گوێیان لە دەنگی تەقە و هێرشی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بووە لە دەوروبەری خان یونس لە باشووری کەرتەکە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، لە کاتی رادەستکردنی تەرمەکاندا، سەرچاوەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی رایگەیاندبوو کە پێی وا نییە تەرمەکان هی بارمتەکان بن، دواتریش تاقیگەی دادپزیشکی ئەمەی پشتڕاستکردەوە.
یەکینەکانی عیزەدین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس، رۆژی شەممە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوێنێ لە چوارچێوەی رێگرینەکردن لە پرۆسەکانی رادەستکردنی تەرمەکان، پێشنیازی رادەستکردنی 3 نموونەی چەند تەرمێکی نەناسراومان کرد، بەڵام دوژمن رەتیکردەوە نموونەکان وەربگرێت و داوای وەرگرتنی تەرمەکانی کرد بۆ پشکنین، ئێمەش رادەستمان کردن بۆ ئەوەی رێگە لە بانگەشەکانی دوژمن بگرین."
"یەکەمجار نییە"
لەوەتەی ئاگربەست لە 10ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل چەند جارێک رایگەیاندووە کە هەندێ تەرمی وەرگرتووەتەوە کە هی بارمتەکان نین.
ئیسرائیل و حەماس یەکدی بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار دەکەن.
حکومەتی ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوودا چەندین جار حەماسی بە پێشێلکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار کردووە، لە کاتێکدا خێزانی بارمتەکان داوایان کردووە گوشار لەسەر بزووتنەوە فەڵەستینییەکە زیاد بکرێن بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنەکە.
جگە لەو سێ تەرمەی رۆژی هەینی وەرگیران، حەماس تاوەکو ئێستا تەرمی 17 لە کۆی 28 بارمتەی رادەستکردووەتەوە، کە دەبوو لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەستەکەدا بیانگەڕێنێتەوە.
ئاگربەستەکە لەسەر بنەمای پلانێکی پێشنیازکراوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەیێنراوە.
لەو 17 تەرمەی گەڕێندراونەتەوە، 15یان ئیسرائیلی، یەک تایلەندی و یەک نیپاڵین.
تەرمی 10 بارمتەی دیکە کە لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023 گیرابوون، هێشتا لە کەرتی غەززەن، لەگەڵ تەرمی سەربازێک کە لە جەنگی ساڵی 2014دا کوژراوە.
بەپێی بڕگەکانی رێککەوتنی ئاگربەست، ئیسرائیل لە بەرامبەر هەر تەرمێکی ئیسرائیلیدا کە حەماس رادەستی دەکاتەوە، تەرمی 15 فەڵەستینی دەگەڕێنێتەوە کە لە کاتی جەنگدا گیانیان لەدەستداوە، بەمەش کۆی گشتی دەکاتە 225 تەرمی فەڵەستینی.
"ژیان هیچ مانایەکی نییە"
لە غەززە، دۆخی مرۆیی و ئەمنی هێشتا جێی نیگەرانییە.
هیشام بەرادعی، تەمەن 37 ساڵ، دەڵێت: "شەوی رابردوو چەندین جار گوێم لە تەقەی هێزەکانی داگیرکەر بوو. ئاگربەست دەستیپێکردووە، بەڵام جەنگ هێشتا کۆتایی نەهاتووە."
سومیە دەلوول، تەمەن 27 ساڵ، کە لەگەڵ دایک و باوکیدا دەژی، جەختی کردەوە کە "ژیان هیچ مانایەکی نییە" و گوتی: "مردن باشترە لە ژیان. پارەمان نییە، کارمان نییە، خواردنمان نییە، ئاومان نییە، کارەبامان نییە، ئینتەرنێتمان نییە."
ئیسماعیل سەوابتە، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی راگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەززە، مەزەندە دەکات "20 هەزار پارچە تەقەمەنیی نەتەقیوە" لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە هەبن.
هاوکات، ئوردن و ئەڵمانیا رۆژی شەممە داوایان کرد ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی بڕیارە بەپێی پلانی ترەمپ بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە بڵاوبکرێتەوە، رێپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەبێت.
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی شەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ناوەندی هاوئاهەنگیی سەربازی-سڤیل کە ئەرکی چاودێریکردنی ئاگربەستی پێسپێردراوە، "چاودێریی ئەوەی کردووە کە چالاکڤانانی گومانلێکراوی حەماس بارهەڵگرێکی هاوکاری تاڵان دەکەن" کە بەشێک بووە لە کاروانێکی مرۆیی.
بڕیارە تورکیا رۆژی دووشەممە لە ئیستەنبووڵ میوانداریی کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی بکات بۆ پشتیوانیکردن لە پلانە ئەمریکییەکە.
هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماس بووە هۆی کوژرانی هەزار و 221 کەس، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون. هێرشەکانی ئیسرائیلیش کە لیژنەیەکی شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە جینۆساید پۆڵێنیان کردووە، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 68 هەزار و 858 فەڵەستینی، بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە باوەڕپێکراوی دادەنێت.