سوپای پاسداران کوژرانی دوو ئەندامی لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر سووریا راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرانی دوو ئەندامی لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە سووریا راگەیاند و دەڵێت، "راوێژکاری سەربازی بوون و لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان"دا کوژراون.
 
رۆژی شەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2023 سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە راگەیێندراوێكدا بڵاوی کردەوە، "دوو ئەندامی سوپای پاسداران لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی راوێژکارییان لە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە سووریا شەهید بوون".
 
لە راگەیێندراوەکەدا سوپای پاسداران ئاماژە بە کات و شوێنی کوژرانی ئەو دوو پاسدارە نەدراوە و نووسراوە، "هەریەک لە محەممەد عەلی عەتایی شورچە و پەنا تەقیزادە بەهۆی هێرشی رژێمی زایۆنی لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان شەهید بوون".
 
سوپای پاسداران ئاماژەی بە پلەی سەربازی ئەو دوو ئەندامەی نەداوە و تەنیا وەکو پاسدار ناوی هێناون.
 
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەمڕۆ نزیکەی کاژێر 1:35 خولەکی بەرەبەیانی، ئیسرائیلی دووژمن لە ئاراستەی جۆلانی داگیرکراوەوە هێرشی کرد و چەند پێگەیەکی لە نزیک دیمەشق بۆردوومان کرد".
 
وەزارەتی بەرگریی سووریا وردەکاری زیاتری نەدابوو، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج پێگەی حیزبوڵڵای لوبنان بوون. حیزبوڵڵا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە.  
 
ئیسرائیل لە ساڵی 2011ـەوە سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سووریا و زیاتر پێگەکانی سوپای پاسداران و هێزەکانی نزیک لە ئێرانی کردوەتە ئامانج.
 
بەرپرسانی ئیسرائیل زۆر بە کەمی لێدوان لەبارەی هێرشی ئاسمانی وڵاتەکەیان بۆسەر سووریا دەدەن، بەڵام بەردەوام رایانگەیاندووە، رێگە بە ئێران و نزیکەکانی نادەن هەژموونی خۆیان لە سووریا فراوانتر بکەن.