حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران مانۆڕی سەربازیی هاوبەش دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
هێزی دەریایی سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی مانۆڕی دەریایی هاوبەش لە شەتولعەرەب دەکەن و سوپای پاسداران دەڵێت، ئەو مانۆڕە بەبۆنەی چوارەمین ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسە.
رۆژی چوارشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2024 ماڵپەڕی فەرمیی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، "رۆژی هەینی 5ی کانوونی دووەم، هێزی دەریایی سوپای پاسداران مانۆڕێکی هاوبەش لەگەڵ عێراق لە شەتولعەرەب دەکات."
سوپای پاسداران دەڵێت، مانۆڕە هاوبەشەکە بەبۆنەی چوارەمین ساڵوەگەڕی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەڕێوەدەچێت.
هاوکات سوپای پاسداران ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هێزەکانیان لەسەر چەند بەلەمێکی سەربازی ئاڵای ئێران و حەشدی شەعبییان هەڵکردووە.