وەزیرى گەشەپێدانى کارگێڕیى سووریا بۆ رووداو: کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێکەڵی فەرمانگەکانی حکومەت دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حەسان، وەزیرى گەشەپێدانى کارگێڕى سووریا رایگەیاند، رێنماییان پێگەیشتووە سەبارەت بە تێکەڵکردنی سەرجەم کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەناو دامەزراوە مەدەنییەکانی سەر بە حکومەتی سووریا و دەڵێت: "پێویستییەکی زۆرمان بە هەموو تواناکانی سووریا هەیە بە هەموو پێکهاتە و ئینتیماکانەوە، تاوەکو ئەم واقیعەی سووریای پێ بنیات بنێینەوە".
 
ئەو قسانەی وەزیرەکەى سووریا لە هەڤپەیڤینێکى رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان، لە پەراوێزى لووتکەى حکومەتەکان لە شارى دوبەى ئیمارات ئەمڕۆ سێشەممە 3ى شوبات لەگەڵی کردووە.
 
وەزیرى گەشەپێدانى کارگێڕى سووریا لەبارەى ئاییندەى کورد لەو وڵاتە دەڵێت: "بە راشکاوی دەڵێم کە پێویست بە هیچ دوودڵییەک ناکات سەبارەت بە داهاتووی کورد لە سووریا، کورد پێکهاتەیەکی رەسەنن وەک پێکهاتەکانی دیکەى سووریا و ئەو توانایانەی لەناو ئەم پێکهاتەیەدا هەن دیار و ناسراون و هەرگیز ناکرێت چاوپۆشی لەو توانایانە بکەین"
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
 رووداو: جەنابی وەزیر، زۆر سوپاس.
 
د. محەمەد حەسان: بەخێربێن، سڵاوتان لێبێت.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، چۆن دەڕواننە بەشداریی هەندێک لە وەزیرانی حکومەتی نوێی سووریا لە کۆنگرەکان، بەتایبەت لووتکەی حکومەتەکان لە دوبەی؟
 
د. محەمەد حەسان: بەخێربێن، سڵاوتان لێبێت. بێگومان وەک دەزانن لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان رووداوێکی زۆر گرنگە لەسەر ئاستی جیهان، ئامانجی کۆکردنەوەی بڕیاربەدەستان و شارەزایانی کاری حکومییە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و ئاگاداربوون لە ئەزموونە پێشەنگەکان لەم بوارەدا. ئێمەش وەک دەوڵەتێک کە لە جەنگ دەرچووین، پێویستە سوود لە هەموو ئەزموونە جیهانییەکان وەربگرین لەوەی پەیوەستە بە کاری حکومییەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعی سووریادا بیگونجێنین بەشێوەیەک تاوەکو رادەیەک رۆڵى هەبێت لە دروستکردنی گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لەم واقیعەدا.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، حکومەتی سووریا لەگەڵ "هەسەدە" لە سووریا رێککەوتووە. چۆن دەڕواننە ئەم رێککەوتنە؟ چۆن دڵنیایی دەدرێت بە کورد سەبارەت بە داهاتوویان لە سووریا؟
 
د. محەمەد حەسان: سەرەتا سەبارەت بە رێککەوتنی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سووریا، من لە رووی  کارگێڕیەوە قسە دەکەم کە تاوەکو رادەیەک پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە وەک وەزارەتی گەشەپێدانی کارگێڕی. ئێمە رێنمایی راشکاوانەمان لە سەرۆکایەتییەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە تێکەڵکردنی سەرجەم کارمەندانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەناو دامەزراوە مەدەنییەکانی سەر بە حکومەتی سووریا، ئێمە لە کارکردنداین لەم چوارچێوەیەدا بە پشتیوانی خوا. ئێمە وەک دەوڵەتی سووریا کە لە جەنگ دەرچووین، پێویستییەکی زۆرمان بە هەموو تواناکانی سووریا هەیە بە هەموو پێکهاتە و ئینتیماکانەوە، تاوەکو ئەم واقیعەی سووریای پێ بونیات بنێینەوە کە ئێستا تێیدا دەژین. ئێمە سەیری هەر توانایەکی سووری دەکەین وەک دەستکەوتێکی راستەقینە و کرۆکییە، بۆ ئەوەی ببێتە فاکتەرێکی سەرەکی  بۆ هەنگاونان بەرەو دەوڵەتى سووریای نوێ.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، کورد لە سووریا لە داهاتوویان دەترسن. چۆن دڵنیایی دەدەنە کورد لە سووریا، سەبارەت بە داهاتوویان، وەک هاووڵاتییەکی سووری هەروەک هاووڵاتی عەرەب، هەروەک هاووڵاتی دروز و هەموو هاووڵاتییانی سووری... چۆن دڵنیایی دەدرێت بە کورد سەبارەت بە داهاتوویان؟
 
د. محەمەد حەسان: بە راشکاوی دەڵێم پێویست بە هیچ دوودڵیەک ناکات سەبارەت بە داهاتووی کورد لە سووریا. کورد پێکهاتەیەکی رەسەنن وەک پێکهاتەکانی دیکەى سووریا و ئەو توانایانەی لەناو ئەم پێکهاتەیەدا هەن دیار و ناسراون و هەرگیز ناکرێت چاوپۆشی لەو توانایانە بکەین، کە هەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت هەموو وزەکان وەگەڕ بخەین بۆ ئەوەی ببنە بزوێنەری سەرەکی بۆ بونیاتنانی سووریای نوێ.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، چۆن دەڕواننە رۆڵی هەرێمی کوردستان و رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم رێککەوتنەی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە؟
 
د. محەمەد حەسان: وەک دەزانن ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی کە لە نێوان جەنابی سەرۆککۆمار بەڕێز ئەحمەد شەرع و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانیدا روویاندا، رۆڵێکی راستەقینەیان هەبوو لەو رێککەوتنەی دوایی کە لەگەڵ هەسەدە کرا. بۆیە پێمان وایە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر قوڵ دەبێت و بە پشتیوانی خوا رۆڵێکی راستەقینەی دەبێت لە رۆژانی داهاتوودا.
 
رووداو: حکومەتی سووریا دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات؟
 
د. محەمەد حەسەن: بە پشتیوانی خوا کەناڵی ناسراو هەن بۆ ئەم پەیوەندییە و بە ویستی خوای گەورە وەک دەزانن ئاسۆکان کراوەن لەبەردەم هەموواندا بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتی سووریا بۆ رزگارکردنی لەم واقیعە بە ئازارە.
 
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی عێراق چۆنە؟
 
د. محەمەد حەسان: پەیوەندییەکان باشن لەسەر هەموو ئاستە عەرەبییەکان