کوێت کوژرانی دوو سەربازی هێزی دەریایی وڵاتەکەی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
کوێت کوژرانی دوو سەربازی هێزی دەریایی وڵاتەکەی لە کاتی "ئەنجامدانی ئەرکە نیشتمانییەکانیاندا" راگەیاند، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەسەر چۆنیەتیی کوژرانیان ئاشکرا بکات.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوێت، لە راگەیێندراوێکدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربازێکی کرد، کە یەکێک بووە لە کارمەندانی هێزی دەریایی و ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانییەکانی سەر شانی لە چوارچێوەی هێزە چەکدارەکاندا، شەهید بووە."
دواتر، سوپای کوێت لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، کوژرانی سەربازێکی دیکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، ئەویش لە هەمان هێزدا بووە و لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکدا گیانی لەدەستداوە.
بەمەش، ژمارەی ئەو کەسانەی لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە بەیانی رۆژی شەممەی رابردووەوە لە کوێت کوژراون، گەیشتە سێ کەس، کە دوویان سەرباز و یەکێکیان هاووڵاتییەکی سڤیلە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، سوپای کوێت رایگەیاندبوو کە بەرپەرچی 97 مووشەکی بالیستی و 283 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان داوەتەوە کە لە ئێرانەوە بەرەو خاکی کوێت ئاراستە کرابوون. جەختیشی کردەوە کە بەپێی "یاساکانی پێکدادان" مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
هاوکات وڵاتانی کەنداو نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر بەم گرژییانە دەربڕیوە و "بەئامانجگرتنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتانی عەرەبی"یان لەلایەن ئێرانەوە سەرکۆنە کردووە.