بەرگریی سعودیە: بە درۆن هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی سعود رایگەیاند، دوو درۆن بەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریاز کەوتوون. باڵیۆزخانەکەش بڵاویکردەوە هێرشکراوەتە سەر باڵەخانەکەیان و ئەمڕۆش دایانخستووە.
رۆژی سێشەممە 3ی ئازاری 2026، وەزارەتی بەرگریی سعودیە پشتڕاستیکردەوە کە دوو درۆن بەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان کەوتوون و بوونەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ریازیش لە راگەیێندراوێکدا پێکانی باڵیۆزخانەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "باڵەخانەکەی باڵیۆزخانە پێکراوە و ئەمڕۆ هیچ چاوپێکەوتنێک بەرێناکرێت". دەشڵێت، لەمڕۆوە باڵیۆزخانە دادەخرێت تاوەکو ئاگادارکردنەوەی دواتر.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە، چوار شایەتحاڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە کە دەنگی تەقینەوە لە گەڕەکی دیپلۆماسیی ریازی پایتەختی سعودیە بیستراوە و دووکەڵ لەو ناوچەیە بینراوە کە باڵیۆزخانە بیانییەکانی لێیە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپاکەیان دوو مووشەکی بالیستییان تێکشکاندووە، ئەوەش دوای ئەوەی دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوچە جیاوازەکانی دەوحە بیستراوە.
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا هێرشێکی بەرفراوانیان بە 20 درۆن و سێ مووشەک بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی ئەمریکا لە ناوچەی شێخ عیسای بەحرێن کرد". سوپای پاسداران دەڵێت، لە هێرشەکەدا "بنکەی سەرەکیی فەرماندەیی" ئەو شوێنە وێران کراوە.
رۆژی 28ی شوبات جەنگەکە بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. ترەمپ دەڵێت، 49 سەرکردەی ئێرانیان کوشتووە کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری ئێرانە.