ئیمارات: لە چوار رۆژدا 1000 هێرشمان کراوەتەسەر

رووداو دیجیتاڵ

لە چوارەمین رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، گرژییەکان گەیشتنە لووتکە. لە کاتێکدا تاران لەژێر بۆردوومانێکی چڕدایە، ئیمارات دەڵێ، لە چوار رۆژی جەنگی ئێراندا هەزار هێرشیان کراوەتەسەر.
 
رۆژی چوارشەممە 04-03-2026 وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیێندراوێکدا گوتی، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک نەچووەتە نێو ئەم شەڕەوە و رایگەیاند: "ئێمە رێگەمان نەداوە خاک، سنووری ئاوی یان ئاسمانی وڵاتەکەمان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت."
 
ئیمارات گوتی، هەر لە دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە رووبەڕووی زیاتر لە 1,000 هێرش و هەڕەشەی ئێرانی بوونەتەوە، کە ئەم ژمارەیە لە کۆی ئەو هێرشانە زیاترە کراونەتە سەر هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
 
راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات، هێزە چەکدارەکانی ئیمارات بە لێهاتووییەوە بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و وڵاتەکە مافی رەوای خۆیەتی بەرگری لە خۆی دەپارێزێت.
 
ترەمپ: بۆ دانوستاندن درەنگە و سەرکردایەتیی ئێران نەماوە
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا رایگەیاند، ئیدی هیچ دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ نەماوە. ترەمپ گوتی: "بەرگریی ئاسمانی، هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی و سەرکردایەتیی ئێران لەنێوچوون. ئەوان ئێستا دەیانەوێ گفتوگۆ بکەن، بەڵام من دەڵێم: درەنگە."
 
ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا لە واشنتن ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی ئەو کەسانەی وەک جێگرەوەی خامنەیی لەبەرچاو گیرابوون، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژراون. سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی خراپترین سیناریۆ ئەوەیە کە دوای ئەم هەموو کارە، کەسێک بچێتە سەر دەسەڵات کە وەک سەرکردەکانی پێشوو خراپ بێت.
 
لە تاران، دۆخەکە زۆر مەترسیدارە. دانیشتووان لە نێو ماڵەکانیاندا خۆیان شاردووەتەوە و شارەکە وەک "شاری تارماییەکان"ـی لێهاتووە. سەمیرە، پەرستارێکی تەمەن 33 ساڵە گوتی، "ئەوەندە خەڵک کەم بووەتەوە، پێت وایە کەس لێرە نەژیاوە."
 
هاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بنکەیەکی نهێنیی لە ژێر زەوی لە دەوروبەری تاران پێکاوە کە "تێیدا زاناکانی ئێران سەرقاڵی پەرەپێدانی پارچە سەرەکییەکانی چەکی ئەتۆمی بوون."