وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: فەرمانم بە سوپا کردووە دەست بەسەر شوێنی زیاتری لوبناندا بگرن
رووداو دیجیتاڵ
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی بە سوپا کردووە پێشڕەویی زیاتر بکەن بۆ نێو خاکی لوبنان و دەست بەسەر پێگەی زیاتردا بگرن، ئەوەش دوای هێرشەکانی حیزبوڵڵا.
هاوکات سەرچاوەیەکی لوبنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، لە دوای پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل، سوپای لوبنان لە هەندێ شوێن ناچار بووە بکشێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، کاتس لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "من و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران مۆڵەتمان داوە بە هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل بۆ ئەوەی پێشڕەوی بکەن و دەست بەسەر پێگەی ستراتیژیی زیاتردا بگرن لە لوبنان، تاوەکو رێگری لە هێرشکردنە سەر کۆمەڵگە سنوورییەکانی ئیسرائیل بکەن."
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیانکردە سەر ئێران.
حیزبوڵڵا رۆژی سێشەممە رایگەیاندبوو، سێ بنکەی سەربازیی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە بەردەوامانەی ئیسرائیل دەیکاتە سەر پێگەکانیان لە لوبنان، بەتایبەت لە باشووری بەیرووت.
ئامانجەکانی حیزبوڵڵا
حیزبوڵڵا لە چەند راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە وەڵامی دەستدرێژیی تاوانکارییانەی ئیسرائیل بۆ سەر دەیان شار و شارۆچکەی لوبنان"، چەکدارەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر ئەم شوێنانە:
1. بنکەی ئاسمانیی رامات دەیڤد، بە درۆن.
2. بنکەی چاودێریی میرۆن لە باکووری ئیسرائیل، بە درۆن.
3. بنکەی نەفاخ (کەمپی ئیسحاق) لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراوی سووریا، بە مووشەک.
دۆخی گۆڕەپانی جەنگ لە لوبنان
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە، ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر گەڕەکەکانی باشووری بەیرووت و چەندین باڵەخانەی بۆردوومان کردووە. دووکەڵێکی رەش و چڕ ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.
حکومەتی لوبنان رایگەیاندووە نزیکەی 29 هەزار کەس لە ناوچە بۆردوومانکراوەکان ئاوارە بوون.
بۆردوومانی میدیاکان
تەلەڤزیۆنی مەنار-ی سەر بە حیزبوڵڵا رایگەیاند، شەوی رابردوو بارەگای سەرەکییان لە بەیرووت کراوەتە ئامانج. هەروەها بەیانیی سێشەممە نووسینگەکانی رادیۆی نوور-ی سەر بە حیزبوڵڵاش بۆردوومان کراون.
حیزبوڵڵا ئەم هێرشانەی بۆ سەر "دوو دەزگای میدیایی سڤیل" سەرکۆنە کرد و رایگەیاند ئامانج لێی "بێدەنگکردنی دەنگ و رەنگی بەرگرییە".