کەشتییەکی ژاپۆنی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕی
رووداو دیجیتاڵ
کەشتییەکی هەڵگری گازی شلی ژاپۆن (LNG)، بۆ یەکەمجار لەدوای دەستپێکردنی قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕی.
رۆژنامەی "جاپان تایمز" بڵاویکردەوە، کەشتیی "سۆحار LNG" کە هەڵگری ئاڵای پەنەمایە و هاوبەشە لەگەڵ کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی ژاپۆنی "میتسوی ئۆ ئێس کەی لاینز"، بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیوە.
بەرپرسانی ژاپۆن سەلامەتیی تیمی کەشتییەکەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی کاتی تێپەڕینەکە و ئەوەی ئایا هیچ دانوستاندنێک بۆ تێپەڕبوونەکە کراوە یان نا، ئاشکرا نەکردووە.
کەشتیی "سۆحار LNG"، بەهۆی داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە مانگی رابردوودا، لە کەنداودا چاوەڕێ بوو.
تێپەڕبوونی کەشتییەکی ژاپۆنیی هەڵگری گازی شل بە گەرووی هورمزدا بۆ یەکەمجار لەدوای دەستپێکردنی قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ئاسوودەییەکی گرنگ بۆ ژاپۆن هەژمار دەکرێت کە لەڕووی وزەوە پشتی بە دەرەوە بەستووە.
ژاپۆن، نزیکەی 90٪ی پێداویستییەکانی وزەی لە وڵاتانی کەنداو دابین دەکات، یەکێک بوو لە یەکەمین وڵاتان کە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خستە بازاڕەوە.
گواستنەوەی دەریایی لە تەنگەی هورمز کە رێڕەوێکی گرنگە و رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێت. بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، بە شێوەیەکی بەرچاو پەکیکەوتبوو. پەککەوتن لە تەنگەکەدا، نرخی نەوت و تێچووی گواستنەوە و بیمەی بەرزکردبووەوە و نیگەرانییەکانی لەبارەی ئابووریی جیهانەوە قووڵتر کردبووەوە.