لوبنان: بۆردوومانکردنی 44 ناوچەی باشووری لوبنان 10 کوژراوی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل، لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەوە تا تەواوی رۆژەکە هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەیی کردە سەر 44 شار و شارۆچکە و ناوچەی باشووری لوبنان، بەهۆیەوە 10 کەس گیانیان لەدەستدا و 9ـی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی لوبنان بڵاویکردەوە، چەندین ناوچەی باشوور رووبەڕووی تۆپبارانی ئیسرائیل بوونەتەوە، لەوانە، شاری بنت جبەیل و دەوروبەری قەڵای دوبیە و دۆڵی سلوقی. هەروەها شارۆچکەکانی: مەنسووری، خەیام، شەقرا، بەرعەشیت، سەفەد ئەلبەتیخ، عەیتا ئەلجەبەل، سوڵتانیە، خربە سلم، قلاویە، سدیقین، جبال ئەلبەتم، زبقین، مەجدەل زون، وادی ئەلحەمرا، حامول و عیناسا.
هەروەها چەندین شار و شارۆچکەی دیکەی باشوور رووبەڕووی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بوونەتەوە، لەوانە ناوچەی نێوان شارۆچکەکانی حانین و عین ئەبەل و شارۆچکەکانی: تولین، تەیرێ، جمێجمە، بەرعەشیت، خەیام، حاریس، سوڵتانیە، دێر ئنتار، شەقرا، خربە سلم، عەیتا ئەلجەبەل. لەگەڵ شارۆچکەکانی: بورج قلاوی، سەفەد ئەلبەتیخ، کەفرا، زبدین، تەیرێ، دەلافە، بلات، کفەسیر، حاروف، یاتر، بورج رەحال، دەبین، مەنسووری، زەوتەر ئەلشەرقیە، رەمادیە، حەبوش، تبنین، سوڵتانیە، کەفەردونین و عەیتا ئەلجەبەل.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانییانی هێرشەکانی ئیسرائیل، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هێرشەکەدا بۆ سەر رەمادیە 4 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3ـی دیکەش برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵی لوبنان رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆ سەر شارۆچکەی کفەسیر 3 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها بیلال جەواد، ئەندامی شارەوانیی زبدین و مەهدی برا و هەلا قوبەیسیی دایکی، بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر ماڵەکەیان لە شارۆچکەی زبدین گیانیان لەدەستداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشێکی ئیسرائیل کۆمەڵگەی عەبدولڕەئوف سبەیتی لە شارۆچکەی کەفرا وێرانکرد و بەهۆیەوە 6 کەس برینداربوون کە دۆخی تەندروستیی 3ـیان ناجێگیرە.