بەرپرسانی سووریا دەڵێن، 'هێشتا زووە' باس لە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی سووریا رایدەگەیێنێت، "جارێ زوو"ـە قسە لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بکرێت، ئەمەش چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل رایگەیاندبوو دەیەوێت لەگەڵ دیمەشق پەیوەندی دروست بکات.
 
رۆژی چوارشەممە، 2ـی تەممووزی 2025، تەلەڤیزیۆنی فەرمی سووریا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمییەوە کە ناوی ئاشکرا نەکردووە، بڵاویکردەوە: "قسەکردن سەبارەت بە واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ داگیرکەری ئیسرائیلی لەم کاتەدا زووە."
 
ئەوە سەرچاوەیە هەروەها گوتی، "ناتوانرێت باس لە ئەگەری دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێکی نوێ بکرێت، تاوەکو داگیرکەر بە تەواوی پابەندی رێککەوتنی ساڵی 1974 نەبێت و لەو ناوچانە نەکشێتەوە کە داگیری کردوون."
 
رۆژی دووشەممە، جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتبووی، لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دەبێت، ئەگەر هەوڵ بدات پەیوەندی لەگەڵ سووریا و لوبنان دروست بکات. 
 
ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە کە گۆڕانکاریی گەورە لە هاوسەنگیی هێزی ناوچەکەدا روویانداوە، لەوانە رووخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە مانگی کانوونی یەکەم و لاوازبوونی حیزبوڵڵای لوبنانی هاوپەیمانی.
 
بەرپرسانی نوێی سووریا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کردووە.
 
لەدوای رووخانی ئەسەد، ئیسرائیل چەندین جار سووریای بۆردوومان کردووە، لە کاتێکدا سەربازانی ئیسرائیل چوونەتە نێو ئەو ناوچانەی لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هێڵی ئاگربەستی ساڵی 1974 لە بەرزاییەکانی گۆلان.
 
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، چەندین جار رایگەیاندووە دیمەشق بەدوای گرژییەوە نییە لەگەڵ دراوسێکانی و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە گوشار لەسەر ئیسرائیل بکات بۆ راگرتنی هێرشەکانی.
 
سووریا رایگەیاندووە ئامانجی دانوستاندنە بەردەوامەکان، جێبەجێکردنی ئاگربەستی ساڵی 1974ـە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
 
جەدعون ساعر جەختی لەوە کردەوە بەرزاییەکانی گۆلان، کە ئیسرائیل لە ساڵی 1967 دەستی بەسەردا گرت و دواتر بەخۆیەوە لکاندی، "وەک بەشێک لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەمێنێتەوە".