داعش کوژرانی خەلیفەکەی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە تۆمارێکی دەنگیدا کوژرانی خەلیفەکەی رادەگەیێنێت.
گوتەبێژی رێکخراوە پەڕگیرە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوەکە، لە تۆمارێکی دەنگیدا کە مێژووی تۆمارکردنەکەی دیار نییە، ئاماژە بەوە دەکات، خەلیفەکەیان ئەبو حوسێن ئەلحوسەینی قورەشی لە شەڕێکدا لە ئیدلب کوژراوە. ئەمە هەمان ئەو خەلیفەیە کە تورکیا مانگی ئایاری ئەمساڵ رایانگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە جندرێسی عەفرین کوشتوویانە.
ئەبو حوزەیفەی ئەنساری، گوتەبێژی نوێی داعش لە تۆمارە دەنگییەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، کەسێک بە ناوی ئەبو حەفسی هاشمیی قورەشی وەک خەلیفەی نوێی رێکخراوە بەدناوەکە دەستنیشانکراوە.
بە گوێرەی گوتەبێژەکە، ئەبو حوسێن ئەلحوسەینی قورەشی لە شەڕێکی دژی دەستەی تەحریری شام لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ئیدلب کوژراوە، بێ ئەوەی کاتەکەی ئاشکرا بکات.
ئەنساری باس لەوە دەکات، ئامانجی دەستەی تەحریری شام، بەدیلگرتنی ئەبو حوسێن ئەلحوسەینی قوەرشی بووە، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە خۆی بەدەستەوە بدات و رووبەڕوویان بووەتەوە و کوژراوە.
ئەبو حوسێن ئەلحوسەینیی قورەشی، چوارەم خەلیفەی داعش بوو و لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2022، دوای کوژرانی ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی خەلافەتی گرووپەکەی گرتەدەست. لە ماوەی خەلافەتەکەیدا، هیچ گوتار و پەیامێکی بڵاونەکردەوە و کەمی لە بارەوە دەزانرا.
رۆژی 30ـی نیسانی ئەمساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە نێو سووریا، ئەبو حوسێن ئەلحوسەینیی هاشمییان کوشتووە.
هەر ئەو کاتە، سەرچاوە میدیاییەکانی سووریا رایگەیاند، خەلیفەکە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی هاوبەشی نێوان هەواڵگریی تورکیا و سوپای نیشتمانیی کە خۆی بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا دادەنێت، لە شاری جندرێسی هەرێمی عەفرین، کوژراوە.
گوتەبێژەکەی داعش باس لەوە دەکات، هەواڵگریی رێکخراوەکە توانیویەتی ئەبو عومەری موهاجر، گوتەبێژە کۆنەکەی لەگەڵ چەند ئەندامێکی دیکەی دەستگیربکات.