راپۆرتێکی سوپای ئیسرائیل: جەنگ بووەتەهۆی زیادبوونی خۆکوژی لەنێو سەربازان

رووداو دیجیتاڵ
 
میدیای ئیسرائیل راپۆرتێکی سوپای وڵاتەکەی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا هاتووە، زۆرینەی ئەو سەربازانەی لەم ماوەی دواییدا خۆیان کوشتووە بەهۆی کاریگەرییە دەروونییەکانی جەنگ و زیادمانەوەیان لە بەرەکانی جەنگ بووە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 3ی ئابی 2025، میدیای ئیسرائیل راپۆرتێکی سوپای وڵاتەکەی لەبارەی خۆکوشتنی سەربازانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، زۆرینەی ئەو سەربازانەی لە ماوەی رابردوودا خۆیان کوشتووە بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگی وڵاتەکەیان بووە. 
 
7ی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامی دایەوە. لەو کاتەوە ئیسرائیل چەندین جەنگی دیکەی کردووە، لەوانە جەنگ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان، جەنگی ئێران، بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی سووریا و حووسیییەکانی یەمەن. 
 
لە راپۆرتەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، زۆرینەی ئەوانەی خۆیان کوشتووە بەهۆی کاریگەری لەدەستدانی هاوڕێیەکیان لە جەنگ، نەبوونی توانای مامەڵەکردن لەگەڵ ترس و زیادمانەوەیان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بووە. 
 
سوپای ئیسرائیل لە راپۆرتەکەیدا پشتی بەستووە بە گوتەی کەسوکاری ئەو سەربازانەی خۆیان کوشتووە، هەروەها هاوڕێکانیان و ئەو وەسیەتنامانەی پێش خۆکوشتنیان نووسیوویانە. 
 
بەرپرسێکی سوپای ئیسرائیل لەبارەی راپۆرتەکەوە قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کردووە و رایگەیاندووە: "زۆرینەی ئەو سەربازانەی خۆیان کوشتووە بەهۆی ئەو دۆخەیە کە لە جەنگدا رووبەڕووی بوونەتەوە. جەنگ کاریگەری گەورەی هەبووە". 
 
بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە دەروونییە قورسەی سەربازە ئیسرائیلیەکان رووبەڕووی بوونەتەوە، سوپای ئیسرائیل بڕیاری زیادکردنی ئەو پزیشکە دەروونییانەی سوپای داوە کە لە ئەرکدان و لە 200ەوە بوونەتە 600. 
 
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیل کە زانیارییەکانی لە سوپای وڵاتەکەی وەرگرتووە، لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە 50 سەربازی وڵاتەکەی خۆیان کوشتووە کە چواریان لە تەممووزی ئەم ساڵ بوون.