وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات: لکاندنی کەرتی رۆژئاوا بە ئیسرائیل هێڵی سوورە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای ئیماراتی عەرەبی رایدەگەیێنێت، هەنگاوەکانی ئیسرائیل بۆ لکاندنی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین بەخۆیەوە، "هێڵی سوورە". 
 
رۆژی چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، لانا نوسەیبە، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئیمارات بۆ کاروباری سیاسی گوتی، لکاندنی کەرتی رۆژئاوا "بە تووندی زیان بە رێککەوتنی ئیبراهیمی دەگەیێنێت".
 
مانگی رابردوو، ئیسرائیل پڕۆژەیەکی گەورەی نیشتەجێبوونی لە رۆژهەڵاتی قودس/ئۆرشەلیم پەسند کرد، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هۆشداری داوە لەوەی کە هەڕەشە لە دروستبوونی دەوڵەتێکی داهاتوو لە فەلەستین دەکات.  
 
رۆژی چوارشەممە، بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل لە کەسێکی راستڕۆی تووندڕۆیە داوای لکاندنی بەشێکی فراوانی کەرتی رۆژئاوای کرد.
 
نوسەیبە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سەرەتاوە، ئێمە رێککەوتنەکانمان وەک رێگەیەک بۆ بەردەوامبوونی پشتگیریکردنمان لە گەلی فەلەستین و ئاواتە رەواکانیان بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ بینی."
 
ئەو بەرپرسەی ئیمارات هەروەها گوتی، "پێشنیارەکانی لکاندنی بەشێک لە کەرتی رۆژئاوا، کە گوایە لە حکومەتی ئیسرائیلدا تاوتوێ دەکرێن، بەشێکن لە هەوڵێک کە بە گوتەی وەزیرێکی ئیسرائیلی، بیرۆکەی دەوڵەتی فەلەستینی دەنێژێت."
 
هەریەکە لە ئیمارات، بەحرەین و مەغریب چوونە نێو رێککەوتنی ئیبراهیمی و لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروست کرد، ئەمەش پێچەوانەی ئەو کۆدەنگییە بوو کە جیهانی عەرەبی داوای دەکرد بۆ ئەوەی هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیل دروست نەکرێت. 
 
نوسیبە هەروەها دەشڵێت، "لکاندنی کەرتی رۆژئاوا بۆ ئیمارات هێڵی سوورە."
 
ئەو کۆمەڵگە جوونشینانەی ئیسرائیل لە کەرتی رۆژئاوا دروستی کردوون، بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی نایاسایین. 
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هۆشداری داوە، دروستکردنی کۆمەڵگەی نێشتەجێبوون لە رۆژهەڵاتی قودس، هیوای دروستبوونی دەوڵەتێکی فەلەستینی کە قودسی رۆژهەڵاتی پایتەختی بێت، لەنێودەبات. 
 
وەزیری دارایی ئیسرائیل لەبارەی پڕۆژەکەوە گوتبووی، ئامانجی پڕۆژەکە "ناشتنی بیرۆکەی دەوڵەتی فەلەستینییە."
 
سمۆتریچ ئاماژەی بەوەش کردووە، لکاندنی بەشێکی گەورە لە کەرتی رۆژئاوا "بیرۆکەی دابەشکردنی خاکە بچووکەکەمان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی تیرۆریستی لە ناوەڕاستیدا بۆ هەمیشە لە کارنامە دەردەهێنێت".